حەشدی شەعبی دەڵێت لە هێرشێکی ئەمریکادا لە قائیم چوار چەکداریان کوژران

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دەستەی حەشدی شەعبی رایدەگەیێنێت، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ سەر سنووری قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار، چوار چەکداریان کوژراون و 11ی دیکەش بریندار بوون.
 
یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، کەرتی ئۆپەراسیۆنەکانی قائیمی سەر بە حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "کاژێر 8:30ـی بەیانیی ئەمڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر چەند خاڵێکی ئەمنی لە سنووری قەزای قائیم لە رۆژئاوای عێراق کردووە."
 
لە راگەیێندراوەکەی حەشدی شەعبیدا ئاماژە بەوە دراوە کە هێرشەکە بە دوو قۆناخ بووە و هێزەکانی بەهاناوەچوونی کردووەتە ئامانج، تێیدا هاتووە: "دوای هێرشی یەکەم و لە کاتی گەیشتنی هێزی پشتیوانی بۆ بەهاناوەچوونی قوربانییان، فڕۆکەکان جارێکی دیکە هەمان شوێنیان بۆردوومان کردووەتەوە."
 
بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان کە حەشدی شەعبی بڵاویکردوونەتەوە، لەو بۆردوومانەدا چوار چەکدار (کە لە راگەیێندراوەکەدا بە 'موجاهید' ناویان براوە) کوژراون و 11 چەکداری دیکەش بریندار بوون.
 
حەشدی شەعبی ناو و وێنەی هەر چوار چەکدارەکەی بڵاوکردووەتەوە کە یەکێکیان فەرماندەیە بە ناوی ئەبوو عەلی جابر، سێ چەکدارەکەی دیکەش بە ناوەکانی (غەزوان عارف سەعدوون، عەلی کەریم ساعدی، حاتم حەنزەل سەفرانی).
 
قەزای قائیم کە دەکەوێتە دوورترین خاڵی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار و لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریایە، یەکێکە لەو ناوچانەی کە هێزەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی تێدا جێگیرن و پێشتریش چەندین جار لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکاوە کراوەتە ئامانج.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە