رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەى ئامارى ناوەندێکى عێراقى بۆ مافى مرۆڤ، زیاتر لە 500 هەزار کەس لە عێراق سواڵ دەکەن، کە بەشێکان بیانین. سەرۆکى ناوەندەکە دەڵێت "کارى بەشێک لەو سواڵکەرانە دەچێتە چوارچێوەى بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە."
فازڵ غەڕاوى، سەرۆکى ناوەندى ستراتیژى بۆ مافى مرۆڤ لە عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بەگوێرەى رووپێوییەکی ناوەندەکەمان، زیاتر لە 500 هەزار سواڵکەر لە نێوەڕاست و باشوورى عێراق و هەرێمى کوردستان هەن، کە عێراقى و بیانین، سواڵکردنى بەشێکیشیان دەچێتە چوارچێوەى بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە و لەلایەن باندەکانەوە بەکاردەهێندرێن بۆ ئەو کارە.
فازڵ غەڕاوى گوتی "سواڵکەرە بیانییەکان خەڵکی بەنگلادیش، پاکستان و سووریان".
سواڵکردن لە عێراق نایاساییە. بەگوێرەى یاساى سزادانى عێراقى هەر کەسێک 18 ساڵ تەمەنى تەواو کردبێت و لەسەر رێگەیەکى گشتى سواڵ بکات، سزاکەى بەندکردنە بەو مەرجەى، کە لە سێ مانگ زیاتر نەبێت.
سەرۆکى ناوەندى ستراتیژى بۆ مافى مرۆڤ لە عێراق ئاماژەى بەوەدا هەندێک لە سواڵکەرە بیانییەکان لە عێراق کە بەشێوەى نایاسایى دەربازى سنوور بوون، کاتێک دەستگیردەکرێن، بە کەفالەت لەلایەن دادوەرەوە ئازاد دەکرێن و هەندێکیشیان دەنێردرێنەوە وڵاتەکانیان.
فازڵ غەراوى گوتیشى لە ساڵی 2023 و سەرەتای 2024ـدا "زیاتر لە 20 هەزار سواڵکەرى بیانى دەستگیرکراون و بە کەفالەت ئازاد کراون."
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە ساڵى 2023 و سەرەتاى ساڵى 2024، زیاتر لە 10 هەزار سواڵکەرى بیانى لە عێراق نێردراونەتەوە وڵاتەکانیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ