رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە هێرشکردنە سەر تانکەرە نەوتەکانی عێراق لەنێو خاکی سووریا دەکەن. دەشڵێت، پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوت بە تانکەر بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە.
رۆژی پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، سەباح بەزوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ تانکەرێکی نەوتی عێراق لەنێو خاکی سووریا هێرشی نەکراوەتەسەر؛ ئەوەی لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس دەکرێت دوورە لە راستییەوە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆسەی گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی خاکی سووریاوە بەرەو بەندەرەکان "بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت" و هیچ ئاستەنگێکی ئەمنی بۆ دروست نەبووە.
هەر ئەمڕۆ کۆمپانیای پترۆڵی سووریا رایگەیاند، یەکەم کاروانی تانکەرە نەوتەکانی عێراق لە دەروازەی سنووریی "تەنەف"ـەوە گەیشتوونەتە ناو خاکی سووریا و تیمە تەکنیکییەکان دەستیان بە بەتاڵکردنی بارەکان کردووە بۆ ئەوەی لە بەندەرەکانەوە رەوانەی بازاڕە جیهانییەکان بکرێن.
رۆژی سێشەممەی، 31ـی ئاداری 2026، عێراق بۆ یەکەمجار هەناردەکردنی نەوتی بە تانکەر لە رێگەی دەروازەی سنووریی "وەلید"ـەوە بۆ سووریا دەستپێکرد.
عیماد مشعەل دلێمی، قایمقامی قەزای روتبە بە رووداوی راگەیاند، لە یەکەم رۆژدا زیاتر لە 100 تانکەری نەوت پەڕیوونەتەوە نێو خاکی سووریا.
ئەم هەنگاوەی عێراق دوای ئەوە دێت کە بەهۆی داخستنی رێگە ئاوییەکان و پڕبوونی کۆگاکان، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی باشووری عێراق بە رێژەی 80٪ دابەزیوە. پێشتر زۆربەی نەوتی عێراق لە رێگەی بەندەری خۆر زوبێر لە کەنداوەوە رەوانە دەکرا، بەڵام ئێستا تەنیا 800 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرهەم دەهێندرێت.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی کۆمپانیای سۆمۆ کە دەست رووداو کەوتووە، عێراق گرێبەستی لەگەڵ چوار بازرگان واژۆ کردووە بۆ گواستنەوەی مانگانە 650 هەزار تۆن نەوتی رەش بۆ سووریا تاوەکو مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ. بەهۆی تێچووی زۆری گواستنەوەی وشکانی، عێراق بۆ هەر تۆنێک نەوت 155 بۆ 170 دۆلار داشکاندنی بۆ بازرگانەکان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ