عێراق دەیەوێت ئاسمانەکەی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا بکاتەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوە لە ئەگەری کردنەوەی بەشێکی ئاسمانی وڵاتەکەی دەکات، بۆ ئەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بە شێوەیەکی سنووردار دەستپێبکەنەوە؛ ئەوەش دوای زیاتر لە مانگێک لە داخرانی بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە بۆ ئەوەی بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی سەلامەتی، بەشێکی ئاسمانی وڵات بکاتەوە کە بەهۆی شەڕەوە داخراوە.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، بڕیاردرا هاوئاهەنگییەکی ورد لەنێوان لایەنە مەدەنی و سەربازییەکاندا بکرێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ گونجاوبوونی بارودۆخی ئەمنی، گەشتەکان لە زووترین کاتدا دەستپێبکەنەوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە ئاماژەی بە ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئەم هەنگاوە کرد و گوتی: "ساڵی رابردوو لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا، توانرا بەشێکی ئاسمانیی عێراق بە سوودوەرگرتن لە رێڕەوە ئارامەکانی وڵاتانی کەنداو بکرێتەوە، بەڵام قەیرانی ئێستا جیاوازە."
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی گواستنەوە روونیکردەوە کە ئێستا "ئاسمانی ژمارەیەک وڵاتی دراوسێ داخراوە و بازنەی شەڕ فراوانتر بووە"، ئەوەش وایکردووە بەڕێوەبردنی جووڵەی ئاسمانی رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە ببێتەوە.
 
ئاسمانی عێراق لە 28ـی شوباتی رابردووەوە و هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، بە رووی هەموو گەشتە ئاسمانییەکاندا داخراوە و تەنیا رێگەی وشکانی بۆ هاتووچۆ بەکاردەهێندرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە