رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشدارییەکی تووندی ئەمنی بڵاودەکاتەوە و داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات بە زووترین کات عێراق جێبهێڵن. باڵیۆزخانەکە دەڵێت، ئێران و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوودا پلانی هێرشیان هەیە.
رۆژی پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا هۆشداریی دا کە رەنگە ئێران و گرووپە چەکدارەکان "بەنیازی بەئامانجگرتنی دامەزراوە پەروەردەییەکان و ئەو ناوەندانە بن، کە پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەیە."
باڵیۆزخانەکە جەخت دەکاتەوە کە مەترسیی هێرشەکان تەنیا لە بەغدا نییە، بەڵکو کۆنسووڵخانەکان، کۆمپانیاکان، ژێرخانی وزە، فڕۆکەخانە بازرگانییەکان و ئەو هۆتێلانەشی بیانییانی تێدا دەمێننەوە دەگرێتەوە، "بە هەرێمی کوردستانیشەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە عێراق بە کراوەیی دەمێنێتەوە، بەڵام بەهۆی مەترسیی بەردەوامی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، باڵیۆزخانە لە بەغدا و کونسووڵخانە لە هەولێر ناتوانن پێشوازی لە هاووڵاتییان بکەن.
باڵیۆزخانەکە ئاستی گەشتکردنی بۆ عێراق لە پلەی چوارەمدا (نزمترین ئاستی سەلامەتی) هێشتووەتەوە و رایگەیاندووە: "گەشت بۆ عێراق مەکەن. مانەوەی ئەمریکییەکان لەم وڵاتە مەترسییەکی گەورەی لەسەرە و رەنگە هێرشەکان رفاندن و بەئامانجگرتنی راستەوخۆش لەخۆ بگرن."
بەهۆی ئەوەی ئاسمانی عێراق داخراوە و گەشتە بازرگانییەکان وەستاون، باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوای لە هاووڵاتییانی کردووە "رێگەی وشکانی بەرەو وڵاتانی ئوردن، کوێت، سعودیە یان تورکیا بەکاربهێنن" و وردەکاریی چۆنیەتیی چوونە نێو ئەو وڵاتانەشی بۆ روونکردوونەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی هۆشدارییەکەدا هاتووە کە سەرجەم خزمەتگوزارییە رۆتینییەکان و پێدانی ڤیزە راگیراون و تەنیا لە حاڵەتی زۆر نائاساییدا دەتوانرێت پەیوەندییان پێوە بکرێت.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 31ی ئاداری 2026 لە گەرمەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و گرووپە چەکدارەکانی عێراق، شێلی کیتلسن، رۆژنامەڤانی ناسراوی ئەمریکی لە شەقامی سەعدوون-ی ناوەڕاستی بەغدا رفێندرا. وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی راوەدووناندا یەکێک لە رفێنەرەکان دەستگیرکراوەو گەڕان بۆ دۆزینەوەی رۆژنامەڤانەکە بەردەوامە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت: "کەسێک پەیوەندیی بە گرووپی میلیشیای کەتیبەکانی حیزبوڵڵاوە هەبووە و لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە دەستگیرکراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ