رووداو دیجیتاڵ
دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی ئەو بۆردوومانەی رۆژی چوارشەممە کرایە سەر بارەگایەکیان لە قەزای تەلەعفەر، بۆ سێ کەس بەرزبووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
رۆژی پێنجشەممە، 02-04-2026، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە چەکدارانی لیوای 53 کە لە هێرشەکەی دوێنێدا بریندار ببوو، گیانی لەدەستداوە. بەمەش کۆی ژمارەی کوژراوانی ئەو بوردوومانە گەیشتە سێ کەس.
دوو هێرشی ئاسمانی لە یەک کاژێردا
رۆژی چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، بارەگای لیوای 53ـی حەشدی شەعبی لە میحوەری ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، دوو هێرشی ئاسمانی کرایەسەر؛ یەکەمیان لە کاژێر 17:50ـی ئێوارە و دووەمیان لە کاژێر 18:40 کرا.
لە ئەنجامی ئەو بوردوومانانەدا، یاسین محەممەد سادق، فەرماندەی فەوجی کۆماندۆی لیوای 53 لەگەڵ دوو چەکداری دیکە کوژران و سێ چەکداری تریش برینداربوون.
''یەکەمجارە حەشدی تورکمانی دەکرێتە ئامانج''
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە نەینەوا لەبارەی ئەو پێگەیەی کە کرایە ئامانج بە رووداوی راگەیاند، "ئەو بارەگەیەی بوردوومان کراوە سەر بە حەشدی تورکمانییە و ئەمە یەکەمجارە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، ئەو پێگەیە لە قەزای تەلەعفەر بکرێتە ئامانج."
دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوەکەیدا، هێرشەکەی بە "دووژمنکارییەکی ستەمکارانەی زایۆنی - ئەمریکی" وەسفکردووە و جەختی کردووەتەوە، ئەم جۆرە هێرشانە رێگرییان لێ ناکات لە بەردەوامبوون لەسەر "رێبازی قوربانیدان لەپێناو خاک و نیشتمان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ