رووداو دیجیتاڵ
دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، بارەگایەکی فەوجی چواری سەر بە لیوای 14 لە سنووری پارێزگای نەینەوا، لە ماوەی کەمتر لە شەو و رۆژێکدا دووجار بۆردوومان کراوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندنی حەشدی شەعبی، رۆژی پێنجشەممە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "فەوجی چوار کە سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوایە، کەوتووەتە بەر هێرشێکی ئاسمانی. هێرشی یەکەم کاژێر 19:50ی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بووە، هێرشی دووەمیش کاژێر 05:20ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە هەمان شوێنی کردووەتە ئامانج."
لیوای 14ی حەشدی شەعبی، سەر بە کەتیبەکانی سەیدوشوهەدایە بە سەرۆکایەتی ئەبو ئالا وەلائی.
سەبارەت بە زیانەکان، حەشدی شەعبی ئەوەی خستووەتەڕوو کە بۆردومانەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە و تەنیا زیانی ماددی هەبووە.
ئێوارەی چوارشەممە دووجار لیوای 53ی حەشدی شەعبی لە قەزای تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا بۆردوومان کرا، یەکەمیان لە کاژێر 17:50ـی ئێوارە و دووەمیان لە کاژێر 18:40 کرا و لە ئەنجامدا یاسین محەممەد سادق، فەرماندەی فەوجی کۆماندۆی لیوای 53 لەگەڵ دوو چەکداری دیکە کوژران و سێ چەکداری دیکەش برینداربوون.
لیوای 53ی حەشدی شەعبی لیوایەکی تورکمانە شیعەکانە لە قەزای تەلەعفەر، لیواکە سەر بە رێکخراوی بەدرە بە سەرۆکایەتی هادی عامری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ