سوودانی پرسی کشانەوەی کۆمپانیای لووک ئۆیل و ئاستەنگەکانی کەرتی نەوت تاوتوێ دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای تایبەت بە کەرتی نەوتی کرد؛ تێیدا پرسی کشانەوەی کۆمپانیایەکی رووسی و کاریگەرییەکانی گرژییەکانی ناوچەکە لەسەر ئابووریی عێراق و جیهان تاوتوێ کران.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیرانی دارایی و نەوت و ژمارەیەک راوێژکاری شارەزا، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی کەرتی نەوت کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چوارچێوەی یاسایی بۆ پەسندکردنی "رێککەوتنی کۆتایی" لەگەڵ کۆمپانیای (لووک ئۆیل)ـی رووسی کرا، کە لە کێڵگەی نەوتیی "قورنەی رۆژئاوا-2" لە پارێزگای بەسرە کشاوەتەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا هۆکارەکانی دواکەوتنی ئەو پرسە و زەمینەسازییە یاساییەکان یەکلایی کرانەوە و "راسپاردەی کۆتایی" ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا، بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر بدات.
 
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی نەوت لەژێر رۆشنایی فراوانبوونی پێکدادانەکان لە ناوچەکەدا. سوودانی و وەزیرە پەیوەندیدارەکان جەختیان لە کاریگەرییە راستەوخۆکانی ئەو دۆخە لەسەر داهات و ئابووریی وڵات کردەوە.
 
ئەو کۆبوونەوەیەی سوودانی لە کاتێکدایە، بەهۆی گرژییە سەربازییەکان و داخستنی رێڕەوە ئاوییەکان لە کەنداو، هەناردەکردنی نەوتی عێراق رووبەڕووی کەمبوونەوەیەکی بەرچاو بووەتەوە. وەک بژاردەیەکی جێگرەوە، رۆژی سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، عێراق بۆ یەکەمجار لە رێگەی تانکەرەوە هەناردەکردنی نەوتی بۆ سووریا دەستپێکرد، تاوەکو لەوێوە رەوانەی بازاڕە جیهانییەکانی بکات.  

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە