وەزارەتی ناوخۆی عێراق: ئەوەی ئوم فەهدی کوشت زۆر شارەزا بووە

02-05-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
لێکۆڵینەوە لە کەیسی کوشتنی ئوم فەهد، کەسایەتیی دیاری نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوامە و جێگری سەرۆکی لیژنەی ژنان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەگەری دووبارەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە هەیە". وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش دەڵێت ئەو کەسەی ئوم فەهدی کوشتووە، "زۆر شارەزایانە کارەکەی کردووە."
 
شەوی 26ی نیسانی 2024 کەسایەتییەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی (ئوم فەهد) لەبەردەم ماڵەکەی لە بەغدا بە چەکی بێدەنگ کوژرا. 
 
سروە محەممەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵان لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 2ی ئایاری 2024 بە رووداوی گوت: "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە، تاوەکو ئێستا بە فەرمی روون نەبووەتەوە ئایا کوشتنەکەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، یاخود پەیوەندی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە، چاوەڕێی ئەنجامی لیژنەکە دەکەین".  
 
جێگری سەرۆکی لیژنەی ژنان هۆشداری دەدات: "ئەگەر بەر لەوکارە نەگیرێت، ئەگەری دووبارەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە هەیە". دەشڵێت: "لە عێراق یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندتیژیی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تووتدتیژیی خێزانی نییە، ئەوەش بۆشایی یاسایی دروستکردووە."
 
ئوم فەهد لەلایەن ماتۆڕسوارێکەوە کوژرا. ئێستا زۆربەی چاوەکان لەسەر وەزارەتی ناوخۆی عێراقن.
 
ئێوارەی چوارشەممە، 1ی ئایاری 2024 عەمید مقیداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی: "ئەبو دلیڤەری ئوم فەهدی نەکوشتووە، بەڵکو ئەو کەسە شارەزا بووە، بەشێوەیەکی زۆر شارەزایانەش کارەکەی کردووە.. لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، دەزگە ئەمنییەکان 24 کاژێر کار لەسەر ئەو کەیسە دەکەن."
 
یەکێک لەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوی دەهێنرێت کە لە دۆسیەکە دا تێوەگلابێت لیوا سەعد مەعن، راوێژکاری وەزیری ناوخۆی عێراقە. 
 
ئەوەی گومانەکانی زیاتر کردووە لە دیمەنێکی ڤیدیۆییدا ئوم فەهد باس لە پەیوەندیی نێوان لیوا سەعد و دالیا نیعم ئەستێرەیەکی دیکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و دەڵێت، بەڵگەی ڤیدیۆیی لایە و بڵاوی دەکاتەوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: "ئەوەی باس دەکرێت لەبارەی تۆمەتبارێک ئەفسەرانی دیاری وەزارەتی ناوخۆ لە رووداوەکە دا، تەنیا قسەیە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسدەکرێت، بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئەو بابەتە بەهیچ شێوەیەک راست نییە."
 
کوژرانی ئوم فەهد زیاتر لە مانگێک دوای ئەوە دێت کە ناکۆکیی ئەو خانمە لەگەڵ دالیا نەعیم، ئەستێرەیەکی دیکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستبوو، کە ئەوەش مشتومڕی بەرفراوانی لێکەوتەوە و بووە هۆی لەکارلادانی ژمارەیەک ئەفسەری سەر بە وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری.
 
ئوم فەهد ئەوکات گوتی، دالیا نەعیم بە ئەفسەرێکی پلە بەرز هەڕەشەی لێ کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، ڤیدیۆیەکی دالیا نەعیم و ئەفسەرێکی پلە باڵا کە لە پۆستێکی گرنگی وەزارەتی ناوخۆدایە، بڵاودەکاتەوە.
 
ناکۆکی و شەڕە قسەی نێوان هەردوو ژنەکە پەرەیسەند و بووە بابەتی راگەیاندن.
 
دواتر لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، 20ی ئاداری ئەم ساڵ رایگەیاند، تۆڕێکی "هەراسانکار"یان لەنێو دامەزراوەیەکی ئەمنیدا دەستگیر کردووە.
 
یەحیا رەسوول روونیکردەوە کە ئەندامانی تۆڕەکە پەیجی ساختەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی دامەزراوە ئەمنییەکان و سەرکردەکانیان هەراسان بکەن.
 
ئەندامانی تۆڕەکە، بە گوتەی لیوا یەحیا رەسوول، لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و لێپێچینەوەیان لەگەڵ کراوە.
 
دوورخراوەکان 14 ئەفسەری پلە جیاجیای وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ بوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە