عێراق دووەم گرێبەستى رێگەى گەشەپێدان واژۆ دەکات

02-05-2024
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى گواستنەوەى عێراق، دووەم گرێبەستى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان واژۆ دەکات بۆ راوێژکاری دارایی، گرێبەستەکە بەدەر لە رێنماییەکانى گرێبەستى حکومى دەبێت، گوتەبێژى وەزارتەکە دەڵێت: "رەشنووسى گرێبەستەکە ئامادە کراوە."
 
ئەو وەزارەتە رایگەیاند، داڕشتەى کۆتایی گرێبەستەکەیان ئامادە کردووە و دەست دەکەن بە واژۆکردنى گرێبەستەکە، لە دواى ئەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەى 30ى نیسان ئەو دەسەڵاتەى پێداون. 
 
مەیسەم سافى، گوتەبێژى وەزارەتى گواستنەوە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەڕێوەبەرى گشتیى کۆمپانیای رێگەى ئاسنیى عێراق سەرپشک کراو بۆ واژۆکردنى گرێبەستەکە. رەشنووسى گرێبەستەکە ئامادە کراوە و لە بارەوەیە دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیاکە دەستپێدەکات."
 
ئەوە دووەم گرێبەستە لە چوارچێوەى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان، ساڵى 2023 گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاى برۆنۆ تریگاى ئیتاڵى واژۆ کرا وەک راوێژکار بۆ نەخشەى پڕۆژەکە، کە لە بەندەرى فاوى شارى بەسرە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە تورکیا.
 
ئۆلیڤەر وایمەن ئەو کۆمپانیایەیە کە دووەم گرێبەستى لەگەڵ واژۆ دەکرێت، بارەگەى سەرەکى لە ئەمریکایە، مەیسەم سافى گوتى: "ئەرکى کۆمپانیاکە پرسی دارایی پڕۆژەکە و سوودى ئابورییەتى."
 
رێگەى گەشەپێدان 1200 کیلۆمەتر دەبێت، لەرێگەى ئاسن و وشکانى پێکدێت بۆ گواستنەوەى گەشتیار و کاڵاى بازرگانى، بە 11 پارزگای عێراق و هەرێمى کوردستان تێپەڕ دەبێت،  تێچووی 17 ملیار دۆلارە، ساڵى 2050 تەواو دەبێت. 
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە