دەستپێشخەرییەک تاوەکو 100 ملیۆن دینار دەداتە گەنجان و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە

02-05-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
قاسم زاڵـمی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گەنجان
قاسم زاڵـمی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گەنجان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دەستپێشخەرییەک لە عێراق هەیە کە تاوەکو 100 ملیۆن دینار قەرز دەداتە گەنجانی خاوەن بیرۆکە و پڕۆژەکان. بڕیارە دەستپێشخەرییەکە جارێکی دیکە بکرێتەوە و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
 
دەستپێشخەرییەکە بە ناوی "ریادە"یە. تایبەتە بە پێدانی قەرز بە گەنجان کە بیانەوێت کار بکەن و پڕۆژەیان هەبێت. تاوەکو 100 ملیۆن دیناریش وەکو قەرز دەداتە گەنجان. سوودی سەر قەرزەکە ساڵانە 4٪ـە.
 
قەرزەکە بۆ 10 ساڵە. ئەگەر ئەو کەسەی قەرزەکەی پێدەدرێت لە ساڵێکدا سەرکەوتوو بیت، قەرزەکەی لێوەرناگیرێتەوە.
لە 1ـی 5ـەوە خولی دووەمی قەرزەکان کۆتایی هاتووە. 
 
ئێوارەی پێنجشەممە، 2-5-2024، د. قاسم زاڵمی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گەنجان میوانی بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 22:30ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو بۆ ئەم بابەتە کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی کرد.
 
دەستپێشخەریی ریادە لە ساڵی رابردووەوە لە لایەن محەممەد شیاع سوودانیی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دانرا بە مەبەستی چالاککردنی رۆڵی گەنجان لە کەرتی تایبەت.
 
سەرەتا فۆڕمێك بۆ چۆنیەتیی پڕکردنەوەی بە ئەلیکترۆنی دانرا تاوەکو شەفاف بێت.
 
د. قاسم دەڵێت، سەرەتا 5 بۆ 20 ملیۆن دینار قەرز دەدرا. دواتر ئەنجوومەنی باڵای گەنجان کە سوودانی سەرۆکایەتی دەکات، ئاستی قەرزەکەی بەرزکردەوە و گەیاندیە  100 ملیۆن دینار. 
 
دەستپێشخەرییەکە لە رۆژی چوارشەممە، 1-5-2024ـەوە داخراوە. زاڵمی دەڵێت، جارێکی دیکە دەیکەنەوە.
 
زاڵمی باس لەوە دەکات، رەچاوی ئەوە کراوە هەموو داواکاران بڕوانامەیان نییە، بەڵام گرنگە پیشەیی بن. پێش هەڵسەنگاندنی پڕۆژەکە، خولێکی چڕی راهێنانی بۆ دەکرێتەوە بۆ 5 رۆژ. لە خولەکەدا داواکار فێری ئیدارەدانی پارەکە بۆ پڕۆژەکەی دەکرێت: چۆن پێویستییەکان پڕدەکاتەوە و مامەڵە لەگەڵ ژینگەکەی دەکات.
 
هەموو سێ مانگ جارێکیش بەدواداچوون بۆ پڕۆەژەکە دەکرێت و راپۆرتی لەبارەوە دەنووسرێت ئایا سەرکەوتووە بووە یان.
 
راوێژکارەکەی سوودانی دەڵێت، تائێستا 320 هەزار گەنج داواکارییان پێشکێشکردووە. بەگوێرەی دوایین ئامار، 12 بۆ 13 هەزار گەنج ئێستا ئامادەن بۆ وەرگرتنی قەرزەکە و راهێنانیان پێکراوە.
 
راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری گەنجان گوتیشی، پڕۆژەکان دیاریکراو نین، بەڵام بیرۆکەی نوێمان دەوێت. بواری زۆرمان هەیە وەک ژیری دەستکرد و چاککردنەوەیت مۆبایل و پیشەسازی و هتد.. بەڵام دەبێت پڕۆژەیەک بێت بتوانرێت بەرەوپێش ببرێت.
 
لەبارەی میکانیزمی وەرگرتنی پارەکەش دەڵێت، سەرەتا گەنجەکە داواکاریی پێشکێش دەکات و شوێنێک دەگرێت. ئەگەر پڕۆژەی هەبێت یان نا دەخرێتە خولی راهێنانەوە. دوای دەرچوونی لە خولەکە، لە رێگەی لیژنەیەکی پسۆڕەوە ئەو پارەیە دیاری دەکرێت کە بۆ پڕۆژەکە پێویستە و بەشێوەی کارتی ئەلیکترۆنی بۆی خەرج دەکرێت.
 
زاڵمی باس لەوە دەکات، 300 ناوەندی راهێنانیان هەیە بۆ دەستپێشخەریی ریادە.
 
گوتیشی، کارتەکە بۆ ئەوەیە پڕۆژەکە شەفاف بێت، خێرا بێت و ئاسان بێت و دوور بێت لە گەندەڵی، چونکە هەبووە تەنبیا بۆ پارەکە داواکاری دەکات.
 
دەشڵێت، 12 بۆ 13 هەزار کەس ئامادەن قەرز وەربگرن. لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوو پارەکە وەردەگرن.
 
ئەو راوێژکارە دەڵێت، دەمانەوێت گەنجان چاودێریی پەڕەی ئەنجوومەنی باڵای گەنجان بکەن یان نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران. کار و دەستپێشخەرییەکان لەوێوە بڵاودەکرێتەوە.
 
د. قاسم زاڵمی دەڵێت، دەستپێشخەریی ریادە بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراقە، بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە. لە هەولێر، دهۆک و سلێمانیش نوێنەریان هەیە بۆ دەستپێشخەرییەکە.
 
گوتیشی، دوای ئەوەی چارەکی ئەوانەی سوودمەندبوون پارەکەیان وەرگرت، بۆ جاری سێیەم دەستپێشخەرییەکە دەکرێتەوە. واتە پرۆسەکە بەردەوامە و ناوە ناوە خۆتۆمارکردن دەکرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە