رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، سبەی دەرگای پێشکێشکردنی داواکاری بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان کارا دەبێت.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 2ی حوزەیرانی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی سبەی سێشەممە، لینکی پێشکێشکردنی داواکاری بۆ کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان لە سەر ماڵپەری کۆمیسیۆن و سەرجەم پلاتفۆڕمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تایبەت بە کۆمیسیۆن کارا دەبێت و دەکرێتەوە.
بڕیارە 11ی 11ی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت. گوتەبێژی کۆمیسیۆن گوتی، ئەمانە تەنیا بۆ رۆژی دەنگدانن، لە بەرامبەردا بڕە پارەیەکیان پێدەدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕەکەی دیاری نەکردووە.
بوونە کارمەندی سەر سندووقەکانی دەنگدان سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت (جگە لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکان) دەگرێتەوە، بە مەرجێک لانیکەم بڕوانامەی ئامادەییان هەبێت. هەروەها خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن بەو مەرجەی تەمەنیان لە 19 ساڵ کەمتر نەبێت و دەرچووانیش دەبێت لایەنی کەم بڕوانامەی دیپلۆمیان هەبێت.
مەرجەکانی دیکە:
- هەبوونی کارتی دەنگدانی درێژمەودا.
- پێشکێشکار دانیشتووی هەمان ئەو پارێزگایە بێت، کە داواکاری لێیەوە پێشکێش دەکات و پێشکێشکردنەکە لەسەر بنەمای دابەشبوونی جوگرافی دەبێت.
- نابێت لە رابردوودا هیچ سزایەکی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە درابێت.
- نابێت خزمی نزیکی هیچ کام لە بەربژێرانی هەمان پارێزگا بێت.
- پێویستە بەڵێننامەیەکی دەستنووس پڕبکاتەوە، کە تێیدا دووپاتیدەکاتەوە رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری نایگرێتەوە، تاوانبار نەکراوە، ئەندامی هێزە ئەمنییەکان نییە، سەربەخۆیە و پابەندی بنەما ئەخلاقییەکان دەبێت.
سەبارەت بە بەڵگەنامەکان بۆ پێشکێشکردنی داواکاری بۆ فەرمانبەران، جومانە غەلای گوتی، ناسنامەی فەرمانگەکە، یاخود پشتگیریی فەرمانبەرێتی، کارتی نیشتمانی، یاخود ناسنامەی باری شارستانی، کارتی دەنگدان، بەڵگەنامەی خوێندن، یاخود پشتگیری خوێندن بەشێوەی رەنگاوڕەنگ.
لەبارەی خوێندکار و دەرچووانەوە گوتی، ناسنامەی خوێندکار، یاخود پشتگیری کە خوێندکارە، کارتی نیشتمانی، یاخود ناسنامەی باری شارستانی، کارتی دەنگدان و بەڵگەنامەی بڕوانامەی خوێندنەکەی بەشێوەی رەنگاوڕەنگ.
سەبارەت بە ژمارەی کارمەندانی پێویست، جومانە غەلای روونیکردەوە، کۆمیسیۆن ئێستا تەنیا داواکارییەکان وەردەگرێت. دوای تەواوبوونی پرۆسەی تۆمار و نوێکردنەوەی لیستی دەنگدەران، شیکردنەوەی داتاکان، پەسندکردنی تۆماری کۆتایی دەنگدەران لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، دابەشکردنی ناوەند و وێستگەکانی دەنگدان، ئەوکات بە وردیی دەزانرێت کە پێویستیان بە چەند کارمەند هەیە بۆ هەر ناوەند و وێستگەیەکی دەنگدان و بڕیاری لەبارەوە دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ