رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەرگاى پێشکێشکردنى داواکاریى دامەزراندن بۆ پۆلیس دەکاتەوە. بە گوتەى جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق، هاونیشتمانییانى هەرێمى کوردستانیش دەتوانن داواکارى پێشکێش بکەن، بەڵام کارکردنیان لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵى دەبێت.
2ى تەممووزى 2023، وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە دا کە لە سێشەممە 4ى تەممووزەوە دەرگاى پێشکێشکردنى داواکاریى دامەزراندن بە شێوەى گرێبەست وەکو پۆلیس دەکرێتەوە، کە تاوەکو 7ى تەممووز بەردەوام دەبێت.
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو دامەزراندنانە بەگوێرەى یاساى بودجەى گشتییە کە زیاتر لە 15 هەزار کەس دەگرێتەوە، کە وەکو گرێبەست کار دەکەن بۆ ماوەى سێ ساڵ و مووچەى مانگانەیان 500 هەزار دینار دەبێت.
جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق ئەوەشی خستەڕوو، هاونیشتمانییانى هەرێمى کوردستان دەتوانن داواکارى پێشکێش بکەن بۆ ئەو دامەزراندنە، بەڵام دەبێت لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵیى عێراق دەوام بکەن، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەی هەرێمى کوردستان.
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق کە لە 26ى حوزەیران چووە وارى جێبەجێکردنەوە، نزیکەى 900 هەزار کەسى دیکە وەکو فەرمانبەرى گرێبەست و هەمیشەیی دادەمەزرێندرێن.
بەپێی رێنوێنییەکانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، هەر فەرمانبەرێکى گرێبەست دواى تەواوکردنى سێ ساڵى خزمەت، دەکرێتە فەرمانبەرى هەمیشەیی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ