رووداو دیجیتاڵ
سێ سەرکردەى هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایانگەیاند، ئەو هاوپەیمانێتییە پرسی ناکۆکی و رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەبارەی نەوت و مووچە تاوتوێ دەکات، بەڵام کاتی کۆبوونەوەکە دیار نییە.
رۆژی چوارشەممە، 2ـی تەممووزی 2025، سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسڕ کە یەکێکە لە پێکهێنەرانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، بە تۆڕى میدیایی رووداوی گوت: "کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی داهاتووی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دیارنییە کۆبوونەوەکە ئەمشەو دەکرێت یان رۆژانی دواتر و بە فەرمی لەوە ئاگادار نەکراوینەتەوە".
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی زۆرینەی لایەنە شیعەکان لەخۆدەگرێت، کە زۆرینەی حکومەتیشیان بەدەستەوەیە.
ڕەحیم عەبودی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەو رێککەوتنە بەراییە تاوتوێ بکات، کە لەنێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی نەوت کراوە، هەروەها تاوتوێی ئەو هێرشانەش دەکات کراونەتە سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە رۆژانی چوارشەممە یان دووشەممە کۆبوونەوەی خولی خۆی دەکات.
رەحیم عەبودی گوتی: "دەبوو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بکرێت، بەڵام بەهۆی سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران بۆ پارێزگای بەسرە، ئەگەری هەیە دوابخرێت یان درەنگی ئەمشەو بکرێت، جارێ دیارنییە کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ دەکرێت یان رۆژانی داهاتوو".
دوێنێ، شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان لەدوای پێنج رۆژ مانەوە و دانوستاندن لە بەغدا، گەڕانەوە هەولێر و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی گەیشتنە رێککەوتنێکی بەرایی لەبارەی رادەستکردنی نەوت وەک هەنگاوێک بەر لە ناردنی مووچە، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی.
چەند تێبینی و پرسێک ماون کە جێگەی ناکۆکیین لەنێوان بەغدا و هەولێر، لەوانە شێوازی رادەستکردنی نەوت و سرووشتى رێککەوتنەکە و بەستنەوەى ناردنى مووچە بە رادەستکردنى نەوت.
محەممەد بەیاتی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی رێکخراوی بەدر بە رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لایەنە دەستووری و یاساییەکەی ئەو پرسە تاوتوێ دەکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ