رووداو دیجیتاڵ
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەهۆی نەبوونی رێژەی یاسایی نەکرا. جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، هەر پەرلەمانتارێکی ئامادەنەبوو بە ملیۆنێک دینار سزا دەدرێ.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تەنیا 145 پەرلەمانتار لە دانیشتنی ئەمڕۆدا ئامادەبوون. بەشێکی زۆری سوننەکان و بەشێک لە شیعەکان لە دانیشتنەکەدا ئامادە نەبوون. ئەندامانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئامادە بوون."
هاوکات موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک رایگەیاند: "بڕیاردرا بە بڵاوکردنەوەی ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی لە دانیشتنی ئەمڕۆدا ئامادە نەبوون و بڕینی یەک ملیۆن دینار لە مووچەی هەر پەرلەمانتارێکی ئامادەنەبوو."
شێروان دووبەردانی ئاماژەی بەوەکرد، بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان "هەر پەرلەمانتارێک بەبێ بیانووی یاسایی، پێنج دانیشتن ئامادەنەبێت، مافی ئەندامێتی لێوەردەگیرێتەوە."
ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "هۆکاری ئامادەنەبوونی سوننەکان بۆ ئەوەبوو کە گومانیان دەکرد پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبیش ئەمڕۆ بۆ دانیشتنەکە زیاد بکرێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی رێککەوتن کرابوو لەسەر زیادنەکردنی."
بە بڕوای شێروان دووبەردانی: "رۆژی دووشەممە پەرلەمان عێراق دادەنیشێ."
بڕیاربوو لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، دەنگ لەسەر پێنج پڕۆژەیاسا بدرێت و چوار پڕۆژەی دیکە تاوتوێ بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ