قاسم ئەعرەجی بۆ رووداو: لیژنەیەکی بەدواداچوون لە هێرشە درۆنییەکان لە هەرێمی کوردستانە

02-08-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لیژنە ئەمنییە هاوبەشەکە 'بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانی'، لەسەر هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، لیژنەیەک لە هەرێمی کوردستانە.
 
قاسم ئەعرەجی، ئەمڕۆ شەممە، دووی ئابی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیژنەیەکی تەکنیکی لە بەیانیی ئەمڕۆوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و کاریان بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیە لە هێرشە درۆنییەکانی ماوەکانی رابردوو."
 
هەر ئەمڕۆ قاسم ئەعرەجی لەگەڵ د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە. بەگوێرەی نووسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا باسی کاری ئەو لیژنەیە کراوە، کە بۆ بەدواداچوون لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا باسیان لە رێکارە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
 
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق گوتى، "دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، سەرجەم ئەندامانی لیژنە هاوبەشەکە راسپاردەکانیان پێشکێشی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکەن."
 
تەنیا لە مانگی رابردوودا، زیاتر لە 25 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان کە بەشێکیان کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکیان کردووەتە ئامانج.
 
ئەو کێڵگانەی کە کراونەتە ئامانج، کێڵگەی خورمەڵە، تاوکێ، سەرسنک، باعەدرێ و پیشابوور بوون، کە بە گوتەی عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی ئەو هێرشانەوە هەرێمی کوردستان نزیکەی 200 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی لەدەستداوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کارمەندی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا سەرقاڵی کارکردنن.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەرمانی عێراق: تێچوومان زۆرە و پێویستمان بە پاڵپشتیی حکومەتە

کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا کە تاکە کۆمپانیای حکومەتی عێراقە لە کەرتی دەرمانسازیدا، نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ ئەمساڵ ئاشکرا دەکات و داوای پاڵپشتی لە حکومەت دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە دەڵێت، خەریکی نوێکردنەوەی تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنانن کە لە رێگەیەوە، "عێراق دەچێتە قۆناخی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە و پێداویستییە پزیشکییەکان."