رووداو دیجیتاڵ
رووداوێکی هاتووچۆ لە پارێزگای سەلاحەدین روویدا و لە ئەنجامدا 13 زیارەتکار گیانیان لەدەستدا و 16ی دیکەش برینداربوون.
تەندروستیی پارێزگای سەلاحەدین بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 2ی ئەیلوولی 2023 بڵاویکردەوە، لە رێگەی نێوان قەزاکانی دجێل و سامەڕا، رووداوێکی هاتووچۆ روویداوە و لە ئەنجامدا 13 زیارەتکار گیانیان لەدەستداوە و 16ی دیکە بریندار بوون کە زۆربەیان زیارەتکاری ئێرانین.
وەکو تەندروستیی سەلاحەدین دەڵێت، بریندارەکان گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دجێل و دۆخی تەندروستیی بەشێکیان جێگیر نییە.
هەفتەی رابردووش چەند رووداوێکی هاتووچۆ لە عێراق روویاندا و دەیان زیارەتکار گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.
رۆژی 29-08-2023 عەلی محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگای واست بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 11:30ی بەیانی[ی ئەو رۆژە]، پاسێکی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن لە نزیک دەروازەی زەرباتییەی نزیک قەزای بەدرە وەرگەڕا و لە ئەنجامی وەرگەڕانەکەشدا سووتا؛ ئەو زیارەتکارانە سەرجەمیان ئێرانی بوون و نووستبوون. حەوت کەسیان گیانیان لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون."
رۆژی 28-08-2023ش عەمید مەیسەم جبووری، گوتەبێژی فەرماندەی هێزەکانی سۆمەر لە پارێزگای زیقار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 03:30ی پاشنیوەڕۆ[ی ئەو رۆژە] پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی لەگەڵ بارهەڵگرێکدا لە رێگەی نێوان ناسریە و موسەننا تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون؛ لە ئەنجامدا حەوت زیارەتکار گیانیان لەدەستدا و 30ی دیکەش بریندار بوون."
ریاز عگێلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگای واست رۆژی 28-08-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لە رێگەی قەزای عەزیزییە پاسێکی زیارەتکارانی ئێرانی وەرگەڕا و بەهۆیەوە پێنج زیارەتکار گیانیان لەدەستدا و 16ی دیکە بریندار بوون.
هاتنی ئەم زیارەتکارانە بۆ بەشداریکردنە لە چلەی ئیمام حوسێن لە شاری کەربەلا.
ئیمام حوسێن، کچەزای محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە شاری کەربەلا لەگەڵ خێزان و دەیان لە کەسوکار و لایەنگرانی لە ساڵی 680ـی زایینی و لەسەر دەستی لایەنگرانی یەزیدی کوڕی مەعاوییە، خەلیفەی ئەمەوییەکان کوژرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ