رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، لە بەغدا لەگەڵ وەزارەتی نەوت و کۆمپانیاکانی نەوتی کۆببێتەوە. شاندێکی دیکەش رۆژی پێنجشەممە بۆ پرسی داهاتی نانەوتی کۆدەبێتەوە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 2-9-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، سەردانی بەغدای دەکات و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت کۆدەبێتەوە.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، کۆبوونەوەکە تایبەتە بە تاوتوێکردنی رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و بڕیارە سەردانەکە یەک رۆژ بخایەنێت و شاندەکە هەر ئەمڕۆ بگەڕێتەوە.
شێروان دووبەردانی گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی ئەو رێککەوتنەیە کە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کردوویەتی، هەروەها پابەندە بە بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی و هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لە بەرامبەردا دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراقیش پابەندی رێککەوتنەکە و بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی بێت و رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت بکات و دڵنیاییان پێبدات، بۆ ئەوەی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە."
سەبارەت بە شاندێکی دیکەی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داهاتی نانەوتی، گومرگ و دەروازەکانی سنوور، شێروان دووبەردانی گوتی، "ئەو شاندە ئەمڕۆ ناچێتە بەغدا، بەڵکو ئێوارەی سبەی چوارشەممە بەڕێدەکەوێت و رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا کۆدەبنەوە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کۆمپانیا نەوتییەکان جەخت لە پابەندبوونیان بەو گرێبەستانە دەکەنەوە کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆیان کردووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی دادگەی تەمیزی عێراق دروستیی ئەو گرێبەستانەی پشتڕاستکردووەتەوە. ئێستا ئەم کۆمپانیایانە تێبینیان لەسەر بڕی 16 دۆلارەکە هەیە کە لە هەموارەکانی یاسای بودجەدا بۆیان دیاریکراوە و داوای رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکەن.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا نەوتییەکانی راگەیاندووە کە گەرەنتی بۆ ئەو کۆمپانیایانە بەرامبەر بەوەی شایستە داراییەکانیان پێبدرێت، یاسای بودجەی گشتی عێراقە، کە تێیدا ئەو پابەندبوونە داراییە دیاریکراوە.
بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویستە هەرێمی کوردستان 230 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەناردەکردن رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکات، 50 هەزار بەرمیلی دیکەش بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەرخان بکرێت
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ