رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی تیمی پەیوەندیی حکومی دەڵێت، لە چوارچێوەی پلانی دروستکردنی 100 قوتابخانە لە سەرتاسەری عێراق، 33 قوتابخانە بۆ منداڵانی بێ دایک و باوک تەرخانکراون.
ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025 عەممار مونعیم، سەرۆکی تیمی پەیوەندیی حکومی بە رووداوی راگەیاند، "لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەک بۆ دروستکردنی قوتابخانەی بنەڕەتی بۆ بێ دایک و باوکان و بێسەرپەرشتان، ئێستا 33 قوتابخانەی تایبەتمان هەیە، کە قۆناخەکانی سەرەتایی و ناوەندین لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەشدا."
بە گوتەی عەمار، لە قۆناخی یەکەمدا ئامانجەکە دروستکردنی 100 قوتابخانەیە و چەندین تایبەتمەندییان هەیە، وەکو دابینکردنی هێڵی گواستنەوە، دابینکردنی خۆراک، خەرجیی دارایی و چاودێریی دەروونی.
سەرۆکی تیمی پەیوەندیی حکومی گوتی، "ئەو دایکانەی کە هاوژینەکانیان لەدەستداوە و خاوەنی منداڵن، پڕۆژەی دابەشکردنی 1000 مەکینەی دروومان لە بەغدا دەستیپێکردووە و راهێنانیشیان پێدەکەین، هەوڵی دۆزینەوەی هەلی کاری گونجاویشیان لە رێگەی وەزارەتەکان و لایەنە ناحکومییەکانەوە بۆ دەدەین."
زیاتر لە 137 هەزار منداڵی بێ دایک و باوک و بێسەرپەرشت لە وەزارەتی کاری عێراق تۆمار کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ