ئەمریکا بازرگانێکی عێراقی سزا دەدات؛ نەوتی ئێرانی فرۆشتووە

02-09-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، تۆڕێکیان سزا داوە کە تۆمەتبارە بە فرۆشتنی نەوتی ئێران بەناوی نەوتی عێراقەوە. بەگوێرەی ئەو وەزارەتە، ئەمە بەشێکە لەو هەوڵانەی بۆ وشککردنی سەرچاوەی دارایی ئێران دەیدەن.
 
رۆژی سێشەممە 2ی ئەیلوولی 2025 تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سزاکە چەند کۆمپانیا و کەشتییەک دەگرێتەوە، کە لەلایەن وەلید سامەڕایی، بازرگانی عێراقیییەوە خاوەندارێتی دەکرێن.
 
وەک وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، وەلید سامەڕایی کە هەڵگری وڵاتینامەی سەینت کیتس و نیڤسە، نەوتی ئێرانی بەناوی نەوتی عێراقەوە بە قاچاخ فرۆشتووە. 
 
تۆمی پیگۆت دەشڵێت، "ئەمریکا بە شێوەیەکی یەکلاییکەرەوە کار دەکات بۆ راگرتنی چوونی داهات بۆ رژێمی ئێران، [ئەوەش] بەهۆی رەفتارە وێرانکەر و ناسەقامگیرکەرەکەی لە عێراق، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەرانسەری جیهان."
 
واشنتن دەڵێ، ئەو هەنگاوە بە گوێرەی بڕیاری 13902 گیراوەتەبەر کە کەرتی ئابووری ئێران، لەنێویاندا نەوت دەکاتە ئامانج و لەو رێگەیەوە گوشاری زیاتر دەخاتە سەر تاران. 
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، "دوودڵ نابین لە بەکارهێنانی هەموو ئەو ئامرازانەی لەبەردەستمانن بۆ رێگەگرتن لەوانەی بازرگانی نایاسایی نەوتی ئێران ئاسان دەکەن."
 
هاوکات سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "وەزارەتی گەنجینە سزا بەسەر بازرگانێکی یاخی و تۆڕی کۆمپانیا و کەشتییەکانییدا دەسەپێنێ کە نەوتی ئێرانی بەناوی نەوتی عێراقەوە فرۆشتووە بۆ ئەوەی خۆی لە سزاکانی ئەمریکا بەدووربگرێت."
 
بە گوتەی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، "ئەو تۆڕە ساڵانە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار بۆ تاران دەستەبەر دەکات. ئەم شێوازە قاچاخچێتییە وایکردووە نەوتی ئێران بە هاوپەیمانانی ئەمریکا و رەنگە خۆیشی بفرۆشرێت، لەکاتێکدا کە ئەوە پێشێلکردنی سزا ئەمریکییەکانە."
 
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هەروەها دەڵێت، "ئێران دەبێت واز لە پاڵپشتی تیرۆر بهێنێت، شەڕە بەوەکالەتە خوێناوییەکانی بوەستێنێت و واز لە هەواڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بهێنێت،" لەسەر ئەو بنچینەیەش وەزارەتی گەنجینە هەنگاوی زیاتر دەنێ بۆ لاوازکردنی ئێران و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکەی، لەنێویاندا ئەو کاریگەرییەی لەسەر عێراق هەیەتی. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە