رووداو دیجیتاڵ
بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئەیلوول 35ـەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی وڵات و تەوەرەکانی نێو کارنامەی کۆبوونەوەکە تاوتوێ کران و بڕیاریان لەبارەوە درا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، گرنگترین بڕیارەکان بریتین لە:
- گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەلایەن وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بۆ پشتگیریکردنی کۆڕبەندی وەبەرهێنانی عێراق کە بڕیارە رۆژانی 27 و 28ـی ئەم مانگە لە بەغدا بەڕێوەبچێ.
- رێگەدان بە بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI) بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەرکردنی قەرزەکانی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی کەرتی کارەبا بگرێتەبەر.
- وەزارەتی کارەبا پابەند کرا بە پێدانی شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیایانەی وێستگەکانی کارەبایان دامەزراندووە.
- رەزامەندیدان لەسەر هەموارکردنەوەی بڕیاری ژمارە 24138ـی ساڵی 2024. بەگوێرەی هەموارەکە، وەزارەتی نەوت/ کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باشوور دەتوانێ راستەوخۆ گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای وەبەرهێنەر واژۆ بکات، نەوەک لەبری وەزارەتی دارایی.
- فرۆشتنی رووبەری 4000 دۆنم زەوی لە پارێزگای بەسرە بە کارمەندانی دەستەی حەشدی شەعبی.
- تەرخانکردنی موڵکی ژمارە (356/820 بەتاویین) لە بەغدا بۆ وەزارەتی دارایی تاوەکو وەبەرهێنانی تێدا بکرێ بۆ دروستکردنی هۆتێلی پلاتینیۆم و ناوەندێکی وەرزشیی تەندروستی.
- دەنگدان لەسەر چەند خاڵێک کە پەیوەستن بە زیادکردنی تێچووی گشتیی چەند پڕۆژەیەکی جیاواز لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین، ئەنبار و بەسرە، لەوانەش پڕۆژەکانی تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون.
- لیژنەیەک لە پارێزگای میسان پێکبهێندرێ بۆ تاوتوێکردنی داواکارییەکانی بەڵێندەران. دواتر لیژنەکە راسپاردەکانی بۆ پارێزگار بەرز دەکاتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتاییان لەبارەوە بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ