وەزارەتی بازرگانی بۆ رووداو: مادەکانی فۆڕمی خۆراک و مانگەکانی دابەشکردنیان کەمبووەتەوە

02-10-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایدەگەیێنێت، عێراق بووەتە دەروازەیەکی ئابووری بۆ ناوچەکە و جیهان داهاتێکی زۆر دەبێت و دەشڵێت،  مادەکانی فۆڕمی خۆراک و مانگەکانی دابەشکردنیان کەم بووەتەوە.
 
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ی تشرینی یەکەمی 2025، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو باسی جێبەجێکردنی سیستمی تی ئای ئاڕ (TIR) ی لە عێراق کرد و رایگەیاند، عێراق بووەتە ناوەندێکی ئابووریی گرنگ و کەوتووەتە نێو جەرگەی ناوچەکە و جیهان، بە جۆرێک کە وڵاتانی کەنداو بە ئەورووپا و ئاسیاوە دەبەستێتەوە.
 
سیستمی تی ئای ئار (TIR) رێککەوتنێکی گومرگیی نێودەوڵەتییە بۆ ئاسانکاری لە گواستنەوەی کاڵا بە سنوورەکاندا. سیستمەکە رێگە بە بارهەڵگرەکان دەدات بە ئاسانی و پارێزراوی کاڵا بگوازنەوە، بێ ئەوەی لە خاڵە سنوورییەکاندا پشکنینی گومرگییان بۆ بکرێتەوە. ئەمەش کات و تێچووی لۆجیستی پاشەکەوت دەکات و بازرگانیی نێودەوڵەتی خێراتر دەکات.
 
حەنوون ئاماژەی بە کۆمەڵێک پڕۆژەی گەورەی حکومەت کرد، لەوانە "کەناڵی وشکانی" و "رێگەی گەشەپێدان" و چەندین پڕۆژەی دیکە و گوتی: "هەموو ئەمانە عێراقیان کردووەتە رێڕەوێک بۆ ئەوەی وڵاتانی کەنداو بە ئەورووپا و ئاسیاوە ببەستێتەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی جەختی لەوە کردەوە، ئەم پڕۆژانە "داهاتێکی ئابووریی زۆری بۆ عێراق دەبێت، وەکو رسوومات، هەروەها دەبێتە جێگرەوەیەکی باشی نۆکەندی سوێس" و داهاتی دارایی و ئابووری بۆ وڵات زیاد دەکات. ئەمەش وێڕای ئەوەی عێراق دەبێتە رێڕەوێک و "کارئاسانی" دەکات لە تێپەڕبوونی کاڵای بازرگانی بە خاکەکەیدا بۆ وڵاتانی کەنداو، ئەورووپا و ئاسیا.
 
رێککەوتنی گواستنەوەی وشکانیی نێودەوڵەتی (Transports Internationaux Routiers - TIR) لە ساڵی 1975 واژۆکرا و لە 20ـی ئاداری 1978ـەوە کاری پێدەکرێ. تاوەکو ئێستا نزیکەی 80 وڵات واژۆیان کردووە و لە سەرەتای حوزەیرانی ئەم ساڵیشدا عێراق بە فەرمی کارابوونی لەو رێککەوتنە راگەیاند.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستپێکردنی قۆناخی تێپەڕبوونی بارهەڵگرەکانی تورکیا لە رێگەی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بۆ وڵاتانی کەنداو بە سیستمی گواستنەوەی وشکانیی جیهانی (TIR) هەنگاوێکی ستراتیژییە و پێگەی عێراق وەک رێڕەوێکی سەرەکیی بازرگانیی بەهێز دەکات.
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی: "ئێستا رۆژانە 25 کاروانی بارزگانی لە تورکیاوە بە رێگەی دەوازەی ئیبراهیم خەلیل دێنە هەرێمی کوردستان و عێراق". 
 
بازرگانیی عێراق و ئێران؛ پابەندبوون بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان
 
سەبارەت بە بازرگانیی نێوان عێراق و ئێران، محەممەد حەنوون رایگەیاند: "پەیوەندییەکی ئابووریی هاوبەش بەیەکەوە دەیانبەستێتەوە، بەڵام ئێران رووبەڕووی سزای ئابووری بووەتەوە لەلایەن رۆژئاواوە، عێراقیش پابەندی ئەو بڕیارانە دەبێت."
 
حەنوون ئاماری بازرگانیی نێوان هەردوو وڵاتی خستەڕوو و گوتی: "پار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و ئێران 12 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە؛ لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵیشدا گەیشتووەتە 4 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار." روونیشیکردەوە: "ئاڵوگۆڕەکە بەراورد بە پار کەمیکردووە، هۆکارەکەشی دۆخی ئەمنی و سەربازیی ناوچەکەیە."
 
کەمکردنەوەی جۆرەکانی خۆراک و ژمارەی سوودمەندان
 
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بە گۆڕانکارییەکانی سیستمی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە کرد و رایگەیاند، پێشتر 12 جۆر خۆراک دابەش دەکرا، بەڵام ئێستا بۆ 7 جۆر کەمکراوەتەوە. هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ "کەمبوونەوەی شایستە تەرخانکراوەکان."
 
حەنوون گوتی: "دوو ساڵ لەمەوبەر ساڵانە 12 جار دابەش دەکرا، ئێستا بووەتە 10 جار، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی پارەی تەرخانکراوە. ئێستا حەوت ملیۆن هاووڵاتیی کەم دەرامەت کە لە چاودێریی کۆمەڵایەتین، لە "سەبەتەی خۆراک" سوودمەندن.
 
خۆراکەکان لە رێگەی 75 هەزار بریکارەوە دابەش دەکرێن. پێشتر 41 ملیۆن هاووڵاتی سوودمەندبوون، بەڵام حەنوون گوتی: "ئێستا لە رێگەی تۆمارکردنی ئەلیکترۆنییەوە ژمارەکە بۆ 38 ملیۆن و 300 هەزار هاووڵاتی کەمبووەتەوە." راشیگەیاند: "پرۆسەی تۆمارکردنی ئەلیکترۆنیی ئەمڕۆ لە تەواوی عێراق کۆتایی دێت و بەم نزیکانەش لە عێراق و هەرێمی کوردستان، خزمەتگوزاریی سڕینەوە، زیادکردن و گواستنەوەی ناوەکان دەستپێدەکات."
 
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی روونیکردەوە: "هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی کە لەسەر خاکی عێراق نیشتەجێیە مافی سوودمەندبوونی هەیە، جگە لەو کەسانەی مووچەکانیان لە سەرووی دوو ملیۆن دینارە، لەگەڵ پزیشک، دەرمانساز، بازرگان و دەوڵەمەندەکان."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە