رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، کەمتر لە سێ هەزار هاووڵاتیی عێراقی لە کەمپی هۆلی سووریا ماون، پلانیان هەیە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ سەرجەمیان بگەڕێننەوە بۆ عێراق.
عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی ئەو عێراقیانەی لە کەمپی هۆلن لە 3 هەزار کەس تێپەڕ ناکات، کە لە ژن و منداڵ و کەسانی بەتەمەن پێکدێن و پرۆسەی گواستنەوەیان بەردەوام دەبێت".
بە گوتەی عەلی جەهانگیر، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 19,500 عێراق بە 30 کاروان گەڕێندراونەتەوە، کە دوایین کاروانیان رۆژی 27ی تشرینی یەکەمی 2025 گەڕێندرانەوە.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا بەردەوام دەبن لە گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارە عێراقیانەی لە کەمپی هۆل ماون، بڕیارە دوای هەڵبژاردن کاروانێکی دیکە بگەڕێندرێنەوە.
عەلی جەهانگیر گوتی، "وا دانراوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم عێراقییەکانی کەمپی هۆل بگەڕێندرێنەوە."
شێخمووس ئەحمەد، سەرپەرشتیاری کەمپەکانی رۆژئاڤا رۆژی شەممە بە رووداوی گوت: عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی زیاتر لە 600 کەسی دیکە بگەڕێنێتەوە.
کەمپی هۆل لە شاری حەسەکەیە لە رۆژئاوای کوردستان، کەمپەکە خێزان، منداڵان و کەسوکاری چەکدارانی داعشی تێدایە و لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەد)ەوە پاسەوانی دەکرێت.
بەپێی دوایین ئاماری کەمپی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان کە دراوەتە رووداو دراوە، ئێستا 25 و 310 کەس لەو کەمپە دەمێننەوە، لەوانە 4000یان خەڵکی عێراقن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ