رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق دەڵێ، مانگی رابردوو 1056 زیندانی لە بەندینخانەکانی عێراق بە لێبووردنی گشتی و بڕیاری دیکە ئازادکراون.
موراد ساعدی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 2-11-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەنێو ئەو 1056 زیندانییەی ئازادکراون، 666 کەسیان بەپێی یاسای لێبووردنی گشتی و 390ـی دیکەیان بە بڕیاری دیکە بووە."
بەگوێرەی وەزارەتی دادی عێراق، زۆرترین ژمارەی ئازادکراوان لە گرتووخانەی "عەدالە 2" ی پارێزگای بەغدا بووە کە 193 کەس بوون، دوای ئەویش گرتووخانەی ناوەندیی بەسرە دێ کە 179 کەسی تێدا ئازادکراوە؛ لە گرتووخانەی تاجی 64 کەس و لە گرتووخانەی ناوەندیی ناسریەش 47 کەس ئازادکراون.
ژمارەی ئەو زیندانییانەی لە گرتووخانەی چەمچەماڵ ئازادکراون 27 کەس بوون و 11کەسیان بە یاسای لێبووردنی گشتی بووە.
موراد ساعدی گوتیشی، بەشێک لە ئازادکراوەکان لە فەرمانگەی چاکسازیی عێراقی بوون کە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 25 ساڵیدایە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "بەردەوامین لە بەدواداچوون و جێبەجێکردنی رێکارەکانی ئازادکردن بۆ ئەو زیندانییانەی یاسای لێبووردنی گشتی دەیانگرێتەوە، دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان."
وەک موراد ساعدی گوتی، 25 کەس لەوانەی بە یاسای لێبووردنی گشتی ئازادکراون، ژنن.
یاسای لێبووردنی گشتی، لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی و یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان، بە یەک پاکێج لە رۆژی 21-1-2025 لە پەرلەمانی عێراق پەسندکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ