رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق دەڵێت، بڕیارى وەرگرتنەوەی دەسەڵات لە پۆستى بریکارەکان دەبێت ئەو پارێزگارانەش بگرێتەوە کە بەوەکالەت پۆستەکەیان بەڕێوەدەبەن و دەسەڵاتەکانیان بدرێتە جێگر یان یاریدەدەرەکانیان.
30 تشرینى دووەمى 2023 بەشێک لە وەزارەتەکانى عێراق دەسەڵاتیان لەو پۆستە پلە باڵایانەی وەزارەتەکانیان وەرگرتەوە کە بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێن، لەنێویاندا مەسعود حەیدەر، بریکارى وەزارەتى دارایی بەوەکالەت.
ئەو رێوشوێنە بەگوێرەى مادەى 71ى یاساى بودجەى گشتى عێراقە کە حکومەتى عێراقى پابەند کردووە تاوەکو 30ى تشرینى دووەمى 2023 کۆتایی بە پۆستى بەوەکالەت بهێنێت، ئەگەرنا تەواوی پارەى تەرخانکراوى فەرمانگەکە و دەسەڵاتى بەرپرسەکەى رابگرێت و لە ماوەى 30 رۆژدا دواى کۆتاییهاتنى ئەو وادەیە، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بەربژێرى سەرجەم پۆستەکانى سەرۆکى دەستە سەربەخۆکان و پلە تایبەتەکانى جۆرى ئەلف و بێ و بریکارى وەزارەتەکان و راوێژکارەکان کە بەوەکالەتن بنێرێت بۆ پەرلەمان بۆئەوەى دەنگیان لەسەر بدرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە ساڵى 2017ـەوە راکان جبوورى، پارێزگارى کەرکووک بەوەکالەت ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات.
2ى کانوونى یەکەمى 2023، دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەهۆی ئەوەی پارێزگار پلەکەی هاوشێوەی بریکاری وەزیرە، دەبێت "یاساکە ئەویش بگرێتەوە لە بواری وەرگرتنەوەى دەسەڵاتەکانى. دەبێت سەرۆکوەزیران بڕیارى وەرگرتنەوەى دەسەڵاتى پارێزگارى کەرکووک دەربکات، ئەگەر بڕیارەکە گرتیەوە".
دارا سێکانیانى گوتیشى، "گرفتەکە لەوەدایە کە وەزیرەکان کاتێک دەسەڵات لە پلە باڵاکان وەردەگرنەوە، دەسەڵاتەکان دەگەڕێننەوە بۆ خۆیان، بەڵام ئەگەر دەسەڵات لە پارێزگارى بەوەکالەت وەربگیرێتەوە دیار نییە دەدرێتە کێ".
16 رۆژ ماوە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق، کە ئەرکى سەرەکی ئەو ئەنجوومەنانە هەڵبژاردنى پارێزگارى نوێیە بۆ پارێزگاکە، کە بۆ ماوەى چوار ساڵە.
2ى کانوونى یەکەمى 2023، عارف حەمامى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەگەر یاسا جێبەجێبکرێت، دەبێت بە سەرجەم وردەکارییەکەیەوە جێبەجێ بکرێت. بەو پێیە یاساکە ئەو پارێزگارانەش دەگرێتەوە کە بەوەکالەت پۆستەکە بەڕێوە دەبەن. داوا لە سەرۆکوەزیران دەکەم یاساکە وەک خۆى جێبەجێ بکات".
عارف حەمامى ئاماژەى بەوەشدا کە لە دواى بڕیارى وەرگرتنەوەى دەسەڵات لە پارێزگارە بەوەکالەتەکان، دەسەڵاتەکانیان تاوەکو دواى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەدرێت بە جێگرەکانیان، ئەگەر جێگریان نەبوو دەدرێتە یاریدەدەرەکانیان.
راکان جبوورى پێشتر جێگرى پارێزگار بوو؛ ئێستا جێگرى نییە تەنها دوو یاریدەدەرى هەیە بۆ کاروبارى کارگێڕى و هونەرى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ