عێراق
جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەستی لە ناوەندێکی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق. وێنە: ئەرشیڤ/ رووداو
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆی 329 تانە، 294 تانەی رەوانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن کردووە و ئەو تانانەشی ماونەتەوە ئەمڕۆ تەواویان دەکات.
حەسەن هادى، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رۆژی چوارشەممە 03-01-2024 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەشێک لە تانەکان رەوانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن کراون، بەشەکەی دیکە لە لێکۆڵینەوەدان، دوای تەواوبوون؛ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رەوانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنی دەکات بۆ بڕیاردان.
ئەندامەکەى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئاماژەی بەوە کرد، هیچ سکاڵا و تانەیەک سوور نییە. بڕیاری دەستەی دادوەریی تانەی لێنادرێت و دوای گەڕانەوەی وەڵامی تانەکان، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەسند دەکات.
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رۆژی چوارشەممە 03-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆی 329 تانە کۆمیسیۆن 294 تانەی رەوانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن کردووە و ئەو تانانەشی ماوەتەوە ئەمڕۆ تەواویان دەکات.
عەلی فەیسەڵ، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانیش دەڵێت، "24 کاژێر کار دەکەن بۆ تەواوکردنی تانەکان، سوورن لەسەر ئەوەی لایەنی یاسایی و تەکنیکی تانەکان تەواو بکەن. هەموو تانەکانیش وردبینیان تێدا دەکرێت و بە گرنگییەوە لێی دەڕوانن، هەموو هەوڵێکیش دەدەن بۆ تەواوکردنی وەڵامەکان."
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، ئێوارەی رۆژی 28-12-2023، ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی بڵاوکردەوە، لە 29ـی کانوونى یەکەمەوە بۆ ماوەى سێ رۆژ دەرگەى تانەدان لەو ئەنجامانە کرایەوە، رۆژانی هەینی، شەممە و یەکشەممەی رابردوو بوو.
1ی کانوونى دووەمى 2024 جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "329 تانە لە ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دراون."
جومانە غەلاى ئاشکرایکرد، "لەو تانانە 35 یان لە ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک دراون و زۆرترین تانە لە ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى بەشى کەرخى بەغداى پایتەخت بووە کە 45 تانە بووە."
دوای تەواوبوونی وادەی پێشکێشکردنی تانەکان، حەسەن هادى، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لەمڕۆوە دەستەى دادوەریى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق دەست دەکات بە تاوتوێکردنى تانەکان و بەگوێرەى یاسا دەبێت لەماوەى 10 رۆژدا تانەکان یەکلا بکاتەوە."
بە گوێرەى بڕگەى سێ لە مادەى 20ـی یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، دەبێت دەستەى دادوەریى کۆمیسیۆن لە ماوەى 10 رۆژ لە داخستنى دەرگەى تانەکان، وەڵامى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بداتەوە لەبارەى ئەو تانانەوە کە پێشکێش کراون.
18ـی کانوونى یەکەمى 2023، بۆ یەکەمجار لەدواى 10 ساڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق لە 14 پارێزگا ئەنجامدراو یەکەمجاریش بوو لەدواى 18 ساڵ ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ