رووداو دیجیتاڵ
حوسێن عەلاق، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی گرووپی چەکداریی سەرایای سەلامی سەر بە رەوتی نیشتمانیی شیعە، لە گەڕەکی مامۆستایان لە پارێزگای میسان لە باشووری عێراق، لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە کوژرا.
بەگوێرەی زانیاریی میدیاکانی نزیک لە رەوتی نیشتمانیی شیعە (رەوتی سەدر)، رووداوەکە شەوی رابردوو لە شاری عەمارە روویداوە و دواتر پێکدادانی چەکداری لەنێوان چەکدارانی سەرایا سەلام و عەسائیبی ئەهلی حەق روویداوە و بارەگایەکی عەسائیب لە قەزای کەحلا لە پارێزگای میسان کراوەتە ئامانج.
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر گرژییەکان، هێزە ئەمنییەکان قەدەخەی هاتووچۆیان لە پارێزگای میسان راگەیاند. برایەکی حوسێن عەلاق لە مزگەوتێکەوە داوای لە لایەنگرانی رەوتەکە کرد دان بەخۆیاندا بگرن و رێگە نەدەن گرژییەکان زیاتر بن.
لیوای 305ی سەرایای سەلام لە راگەیێندراوێکدا سەرەخۆشیی خۆی بۆ کوژرانی حوسێن عەلاق راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد: "بە دڵێکی پڕ لە خەم و پەژارەوە، هەواڵی شەهیدبوونی فەرماندە حوسێن عەلاق رادەگەیێنین کە بووە قوربانیی دەستی رەشی تێکدەران و ترسنۆکان کە هەمیشە لە تاریکییەوە هێرش دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ