رووداو دیجیتاڵ
مادەی 68ـی دەستوور لەبارەی بەربژێرانی پۆستی سەرۆککۆمار لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، بە تایبەت خاڵی یەکەمی مادەکە کە دەڵێت، بەربژێرەکە دەبێت لە دایکبووی عێراق بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت (چاپی کوردی دەستوور).
شارەزایەکی یاسا دەڵێت: بۆ تێگەیشتن لە بڕگەی 'عێراقی بە لەدایکبوون' لە مادەی 68ی دەستوور، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ یاسای رەگەزنامەی عێراقی ژمارە 26ی ساڵی 2006.
د. رێبوار محەممەد، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی یاسا لە بووڵەتنەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، مەرجی "لەدایکبووی عێراق" بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، بەو مانایە دێت کە کەسەکە هەڵگری رەگەزنامەی رەسەنی عێراقی بێت، جا لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت یان لە ناو عێراق لەدایکبووبێت، بۆیە لە رووی دەستوورییەوە بافڵ تاڵەبانی مەرجەکانی تێدایە.
د. رێبوار محەممەد، شیکردنەوەی بۆ مادەی 68ی دەستووری عێراق کرد و گوتی: "بۆ تێگەیشتن لە بڕگەی 'عێراقی بە لەدایکبوون' لە مادەی 68ی دەستوور، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ یاسای رەگەزنامەی عێراقی ژمارە 26ی ساڵی 2006. بەپێی مادەی سێی ئەو یاسایە، هەر کەسێک لە دایک یان باوکێکی عێراقی بێت، بە خاوەن رەگەزنامەی رەسەن هەژمار دەکرێت، تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی عێراقیش لەدایک بووبێت."
ئەو پسپۆڕەی یاسا روونیکردەوە، رێگرییە یاساییەکان بۆ ئەو کەسانەیە کە رەگەزنامەی "بەدەستهاتوو"یان هەیە، واتە ئەوانەی بە هۆکاری وەک مانەوەی زۆر یان هاوسەرگیری رەگەزنامەیان وەرگرتووە و عێراقی رەسەن نین: "ئەو کەسانەی رەگەزنامەی بەدەستهاتوویان هەیە ناتوانن ببنە سەرۆککۆمار، بەڵام بۆ ئەوانەی بە خوێن عێراقین، شوێنی لەدایکبوون نابێتە رێگر."
سەبارەت بەوەی ئەگەر تانە لە بەربژێربوونی بافڵ تاڵەبانی بدرێت بەهۆی شوێنی لەدایکبوونییەوە، د. رێبوار پێشبینی دەکات دادگەی فیدراڵی تانەکان رەتبکاتەوە و دەڵێت: "لۆژیکی نییە کەسێک تەنیا لەبەر ئەوەی دایکی لە کاتی سەفەرێکدا لە دەرەوەی وڵات بووە و لەوێ لەدایکبووە، لە مافی سەرۆککۆماری بێبەش بکرێت، لەکاتێکدا هەڵگری رەگەزنامەی رەسەنە و دایک و باوکی عێراقین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، د. رێبوار باسی لە مەرجی بڕوانامەی زانکۆ کرد کە لە یاسای ساڵی 2012 زیادکراوە و بە "نادەستووری" وەسفی کرد. بەو پێیەی دەستوور لە مادەی 76دا بە راشکاوی مەرجی بڕوانامەی بۆ سەرۆکوەزیران داناوە، بەڵام بۆ سەرۆککۆمار لە مادەی 68دا ئەو مەرجەی دانەناوە، ئەمەش بەو مانایە دێت کە یاسادانەری دەستووری بە مەبەست ئەو مەرجەی نەخستووەتە روو.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ جەختی کردەوە، کە هەر کەسێک هەڵگری رەگەزنامەی رەسەنی عێراقی بێت، شیاوە بۆ ئەوەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێر بکات و بەپێی خوێندنەوەی زانستیانەی یاساکان، بافڵ تاڵەبانی هەموو مەرجە یاسایی و دەستوورییەکانی تێدایە.
دەقی مادەی 68ـی دەستوور بە کوردی و عەرەبی:
مادەی 68
پێویستە پاڵێوراو بۆ سەرۆککۆمار ئەم مەرجانەی تێدابێت:
یەکەم: لە عێراق لە دایکبووبێت و دایک و باوکی عێراقی بن.
دووەم: لێهاتوویی تەواوی هەبێت و تەمەنی چل ساڵی تەواو کردبێت.
سێیەم: ناوبانگێکی باش و شارەزایی سیاسی هەبێت و بە پاکێتی و سەرڕاست و دادوەر و دڵسۆزی بۆ نیشتمان ناسراو بێت.
چوارەم: حوکم نەدرابێت بە تاوانێک کە لەکەداری بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ