گرووپەکانی حەشدی شەعبی وێنەی پزیشکێکی کورد وەکو "شەهید"ی خۆیان بڵاودەکەنەوە

03-02-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

چەند گرووپێکی شیعە لە فەیسبووک و تەلەگرام وێنەی کەسێکیان بڵاوکردووتەوە، گوایە "کوڕی عەباس دەڕاجی" یەکێک لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبیە و شەوی رابردوو لە هێرشەکانی ئەمریکادا لە عێراق کوژراوە. بەڵام خاوەنی وێنەکە پزیشکێکی کوردیی کەرکووکییە و ئێستا لە بەریتانیا نیشتەجێیە. دەڵێت بە ئەنقەست بە ئامانجگیراوە.
 
چەندین گرووپی تەلەگرام و پەیجی فەیسبووکی نزیک لە گرووپە شیعەکان وێنەی هاونیشتمانییەکەیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، شەوی رابردوو لە ئەنبار و لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکادا شەهید بووە. لەو بارەیەوە رێبین زەندی، ئەو کەسەی وێنەکەی بڵاوکراوەتەوە ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "من پزیشکم و بە بەخششێکی خوێندن بۆ دوو ساڵ لە بەریتانیا دەبم و ئێستا لەو وڵاتەم و هەر لە عێراقدا نیم."
 
رێبین زەندی کە پزیشکی گشتییە و خەڵكی شاری کەرکووکە، دەڵێت، "ئەو گرووپانەی وێنەی منیان بە شەهید لە شەوی رابردوودا بڵاوکردووەتەوە، پێشتریش وێنەیان دانابووم گوایە بەکرێگیراوی ئیسرائیلم و لە هەولێر لەهێرشێکی ئێراندا کوژراوم."
 
گرووپە شیعەکان لە سۆشیال میدیا بۆ هێرشەکەی شەوی رابردوو تەنیا وێنەکەیان داناوە و هیچ ناوێکیان نەنووسیوە، بەڵام لە هەواڵی پێشتردا گوایە بە هێرشی ئێران لە هەولێر کوژراوە ناویان بە رێبین سۆلاقە نووسیوە، کە یاریزانێکی کریستیانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراقە.
 
لەبارەی هۆکاری بە ئامانجگرتنییەوە رێبین زەندی گوتی، "لە رابردوودا لەگەڵ ئەو گرووپانەدا پەیوەندیم هەبووە، لەگەڵ گرووپی تەلەگرام و تویتەری سابرینیش پەیوەندیم هەبوو، ئەوان دەیانویست کاریان لەگەڵ بکەم و هاوکارییان بکەم، بەڵام کە دەیانزانی ئەوەیان بۆ ناکەم بلۆکیان دەکردم و دواتر وێنەیان بڵاودەکردمەوە."
 
یەکشەممەی رابردوو لە هێرشێکی گرووپە شیعەکاندا سێ سەربازی ئەمریکیی کوژران، شەوی رابردوو کاژێر 12:00 بە کاتی هەرێمی کوردستان، ئەمریکا چەند پێگەیەکی هێزە شیعەکانی کردە ئامانج و بەهۆیەوە تەنیا لە عێراق 16 چەکدار کوژران و لە سووریاش باس لە کوژرانی 18 چەکداری ئەو گرووپانە دەکرێت، کە نزیکن لە ئێران.
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.