لیژنەی ئاسایش و بەرگری داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمانی عێراق دەکات

03-02-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمان دەکات بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و داواش لە حکومەتی عێراق دەکات لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵا تۆمار بکات.
 
رۆژی شەممە 3ی شوباتی 2024، عەللاوی نعمەت بەنداوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو هێرشەی کراوەتە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی، پێشلکردنێکی روون و راشکاوانەی سەروەریی عێراقە. نابێت هیچ عێراقییەکی نیشتمانپەروەر ئەم هێرشە قبووڵ بکات. لیژنەی ئاسایش و بەرگری بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی دەکات. ئەمڕۆ لیژنەکەمان داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمانی کرد بۆ تاوتوێکردنی ئەو هێرشە". 
 
ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێویستە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەی کۆبوونەوەکە بێت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان لەبارەی ئەو هێرشانە و دەبێت لێی بپرسرێت کە ئایا پێشوەختە ئاگاداری هێرشەکان بووە یان نا و گوتیشی، "ئەگەر هەڵوێستێکی تووند و راستەقینە نەبێت، هێرشەکان بەردەوام دەبن".
 
رۆژی شەممە 3ی شوباتی  2024، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی ئەمریکا بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار راگەیێندراوێکی بڵاویکردەوە و تێیدا داوای لە حکومەتی عێراق کرد، "بەرپرسیارێتی پاراستنی کارمەندانی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ئەستۆ بگرێت وەک پێکهاتەیەکی هێزە چەکدارەکان و لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵا تۆمار بکات؛ هەروەها پەلە بکات لە رێککەوتنی تایبەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق. مانەوەی ئەو هێزانە دەبێتەهۆی ناسەقامگیربوونی دۆخی عێراق".
 
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی دەکات و پێیوایە ‌هێرشەکان "پێشلکردنی سەروەریی عێراقن و دووبارەبوونەوەیان مامەڵەی ئەمنی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لاواز دەکات". 
 
رۆژی شەممە 3ی شوباتی 2024، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی هێرشەکانی شەوی رابردووی هێزەکانی ئەمریکا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئیدارەی ئەمریکا هێرشێکی نوێی کردە سەر سەروەریی عێراق. هێزە ئەمنییەکانمان لە ناوچەکانی عەکاشات، قائیم و ناوچەکانی دەوروبەریان بۆردوومان کران. چەند فڕۆکەیەکی ئەمریکی بۆردوومانەکەیان کردووە".
 
ئەمریکا دەڵێت، ئەوە تەنیا "سەرەتایە" و زنجیرەیەک هێرشی دیکەش بەڕێوەن لە کات و شوێنێک کە خۆیان دیاری دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە