رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیارێک بۆ دوورخستنەوەی بەربژێرێک دەردەکات بە پاساوی ئەوەی بڕوانامەکەی ساختەیە و لە هەمان رۆژدا بڕیارەکە هەڵدەوەشێنێتەوە، بڕیارە ئەو بەربژێرە جێگەی محەممەد شیاع سوودانی لە پەرلەمان بگرێتەوە.
بڕیارەکانی کۆمیسیۆن لەبارەی ریاز یونس، بەربژێری لیستی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی بەغدا دەرکراوە.
بڕیاری یەکەمی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ دوورخستنەوەی ریاز یونس دووشەممە 2ی شوباتی 2026 دەرکراوە، دوای ئەوەی لە 28ی کانوونی یەکەم ئەنجوومەنی کۆمسیاران تاوتوێی سکاڵایەکی کردووە کە لە دژی ئەو پەرلەمانتارە پێشکێش کرابوو.
لە بڕیارەکەدا هاتووە کە بەربژێرەکە ئەو بەڵگەیەی بڕوانامەی کە لە کاتی بەربژێریدا پێشکێشی کردووە ساختە بووە، بۆیە دوورخراوەتەوە و رێکاری سزادان لە بەرامبەری لە دادگە تایبەتمەندەکان دەگیرێتەبەر.
ئەو بەربژێرە 7629 دەنگی بەدەستهێناوە، بڕیارە جێگەی محەممەد شیاع سوودانی لە پەرلەمان بگرێتەوە.
دوای دەرکردنی بڕیاری دوورخستنەوەی، ئەو بەربژێرە تانەی لە بڕیارەکە داوە لە فەرمانگەی کاروباری بەربژێران لە کۆمیسیۆن، کە بڕوانامەکەی لە ئێران بە دەستهێناوە، بەڵام لە عێراق هاوتا کراوە.
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران هەمان رۆژ بڕیارێکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی پێشووی دەرکردووە و ئاماژەی بەوەداوە کە بڕوانامەى ئەو بەربژێرە دروستە و لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدەستی هێناوە و لە رووی یاساییەوە هاوتای بڕوانامە کراوە لە عێراق و "هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی کە مەرجی بەربژێربوونی تێدا نەبێت."
رووداو لە رێگەی چەند سەرچاوەیەکی بەرپرسی کۆمیسیۆنەوە لە دروستیی هەردوو نووسراوەکە دڵنیا بووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ