رووداو دیجیتاڵ
دوو زیندانییە هەڵاتووەکەی حیلـلە دەستگیرکرانەوە و بەڕێوەبەری زیندانەکە، یاریدەدەر و بەرپرسانی دیکەی زیندانەکە لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە. وەزیری دادی عێراق دەڵێت، لە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا سەرەداوی تاوانەکە ئاشکرا بووە.
نیوەڕۆی دوێنێ هەینی، دوو زیندانی لە زیندانی حیلـلەی ناوەندی پارێزگای بابل رایان کرد.
ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق ئەمڕۆ شەممە 3ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەر لە چرکەساتی دوای هەڵاتنەکە، خالید شوانی، وەزیری داد بڕیاری دا بە دەستبەسەرکردنی سەرجەم بەرپرسانی زیندانەکە. وەزیری داد ژوورێکی ئۆپەراسیۆنیشی پێکهێنا."
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت، "دوای چڕکردنەوەی هەوڵەکان، هەردوو زیندانییە هەڵاتووەکە دەستگیرکرانەوە، کە یەکێکیان لەسەر دۆسیەی دزی و ئەوی دیکەش لەسەر دۆسیەی مادەی هۆشبەر سزا دراوە."
ئەحمەد لعێبی گوتیشی، "وەزارەت چاوپۆشی لە کەمتەرخەمان ناکات و رێگە نادات کەسانی دەروون نزم ئامانجە قێزەونەکانیان بهێننەدی." ئاماژەی بەوەش کرد، وەزیری داد فەرمانی کرد بەڕێوەبەر، یاریدەدەر و ستافی بەندیخانەکە رەوانەی لیژنەی لێکۆڵینەوەی بکرێن.
خالید شوانی درەنگانی شەوی رابردوو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانی دیکەی پارێزگاکە گوتی، لە کاتێکی پێوانەییدا هێزە ئەمنییەکان هەردوو زیندانییەکەیان دەستگیر کردووەتەوە.
وەزیری دادی عێراق گوتی، لەسەر بنەمای راسپاردەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و داد پێکهێندرا بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی رووداوەکە؛ ئاماژەی بەوەش کرد: "لە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا زۆر سەرەداوی ئەو تاوانە ئاشکرا بوون و دواتر رادەگەیێندرێن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ