وەزارەتی بازرگانیی عێراق: سێیەم باری گەنممان رەوانەی سووریا کرد

03-05-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 28 هەزار تۆن گەنممان رەوانەی سووریا کردووە و بە کۆی گشتی 250 هەزار تۆن رەوانەی ئەو وڵاتە دەکەین.
 
ئەمڕۆ شەممە، سێی ئایار، محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەکو هاوکارییەک بۆ گەلی سووریا، بڕیارمانداوە بڕی 250 هەزار تۆن گەنم لە رێگەی دەروازە سنوورییەکان لە ئەنبار و موسڵەوە، رەوانەی ئەو وڵاتە بکەین."
 
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، "دوێنێ گوژمەی سێیەمی گەنمەکان گەیێندرانە پارێزگا سنوورییەکانی ئەو وڵاتە، کە بە کۆی گشتی تاوەکو ئێستا زیاتر لە 28 هەزار تۆنمان رەوانە کردووە و 222 هەزار ماوە، لە رۆژانی ئاییندەدا بە چەند قۆناخێک ئەوانەش رەوانە دەکرێن."
 
زیا عەلی، بەڕێوبەری بازرگانیی نێوخۆیی و پاراستنی مافی بەکاربەری پارێزگای ئیدلب، بە میدیای ڤیۆری ئیماراتی راگەیاندووە، "بارهەڵگرەکان گەیشتوونەتە خاکی ئیدلب، ئەم هەوڵە، ئەو پەیوەندییە قووڵە برایانە پشاندەدەن کە لەنێوان عێراق و سووریادا هەیە".
 
بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 23.5 ملیۆن دانیشتووی سووریا 16.5 ملیۆنیان پێویستیان بە هاوکاری مرۆییە. پڕۆگرامی خۆراکی سەر بە رێکخراوەکەش دەڵێت، 9 ملیۆن و 100 هەزار دانیشتووی وڵاتەکە ئاسایشی خۆراکیان نییە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە