هۆکار و چارەسەری راگیرانی کارتە بانکییەکانی عێراق لە دەرەوە چییە؟

03-06-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە سەرەتای ئەم مانگەوە بەکارهێنانی کارتە بانکییەکان لە دەرەوەی عێراق سنووردارکراوە. بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە چارەسەر بکرێت.
 
بەکارهێنانی دوو جۆر کارتی بانکی راگیراون و کێشەیان تێدایە؛ یەکەمیان ئەو کارتانەیە کە قاچاخن و بە ناوی خەڵکەوە دروستکراون، واتە ئەو کەسەی کارتەکەی بەناوەوە دروستکراوە و کەسەکە گەشتی نەکردووە، بەڵام کارتەکەی لە وڵاتانی دەرەوە کاری پێدەکرێت. 
 
پرۆسەی سنووردارکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو بانکانە چەند مانگێکە بەردەوامە تاوەکو ئێستا، چونکە کێشەکە تەنیا پەیوەست نییە بە چەند بانکێکی عێراقەوە، بەڵکو زۆری گرتووەتەوە.
 
دووەمین جۆری کارتی بانکی کە کێشەی تێدایە، ئەوانەن کە بانکێکی ئەمریکی نێوەندگیریان نییە. ئەو جۆرەیان، کارتەکانیان کار ناکات و بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە لە رێگەی بانکی بازرگانیی عێراق [TBI]ـەوە چارەسەر بکرێن.
 
پێشتر عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندبوو، بەکارهێنانی کارتە بانکییەکان لە دەرەوەی عێراق رادەگیرێن، بەڵام تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە کێشەکە چارەسەر دەکرێت.
 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەو بانکانەی کارپێکردنی کارتە بانکییەکانیان رادەگیرێت، لەمەودوا لە رێگەی TBIـەوە کارەکانیان دەکەن. ئێستا TBI لەگەڵ دوو بانکی نێوەندگیر کاردەکات، بۆ چارەسەری ئەو کێشەیەش، هەژمارێکی دیکە لەگەڵ بانکێکی نێوەندگیری سێیەم دەکاتەوە. 
 
ئەو بڕە پارەیش کە دەتوانرێت رابکێشرێت سنووردار دەبێت و رەنگە نەگاتە 5 هەزار  دۆلار.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رەخنەی لەوە هەیە کە ئەو بانکە بچووکانەی عێراق ژمارەیەکی زۆر کارتی بانکییان دەرکردووە؛ بانک هەیە نزیکەی یەک ملیۆن کارتی بانکیی دەرکردووە. بەشێک لە کارتەکانیش لە مانگێکدا 200 هەزار دۆلاریان پێ راکێشراوە.
 
ئەمانە چارەسەری کاتییە. چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکە ئەوەیە بانکەکان یان دەبێت قەبارەیان بچووک بکەنەوە، یان سەرمایەکەیان بۆ 400 ملیار دینار زیادبکەن. ئەم پرۆسەیە درێژمەودایە و دەکرێت لانیکەم ساڵێک تاوەکو دوو ساڵ بخایەنێت.
 
کۆتاییەکانی نیسانی ئەم ساڵ، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندبوو، بەکارهێنانی کارتە بانکییەکان لە دەرەوەی عێراق سنووردار دەکرێت. 
 
بە گوتەی شارەزایانی دارایی، بڕیارەکە پەیوەستە بە نیگەرانییەکان لەبارەی پابەندبوون بە رێکارەکانی ئەمریکا لەبارەی مامەڵەی دۆلار و هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لە بەقاچاخبردن و سپیکردنەوەی. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە