دەرگای پێشکێشکردنی داواکاری بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان کرایەوە

03-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، دەرگای پێشکێشکردنی داواکاری بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان کراوەتەوە.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، 3ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لینکی پێشکێشکردنی داواکاری بۆ کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان لە سەر ماڵپەری کۆمیسیۆن و سەرجەم پلاتفۆرمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تایبەت بە کۆمیسیۆن کاراکرا و تاوەکو رۆژی 9ی مانگی تەمموز( مانگی حەوت) بەردەوام دەبێت. 
 
بڕیارە 11ـی 11ـی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت.
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆن گوتی، "ئەو کەسانەی وەک چاودێر بۆ رۆژی هەڵبژاردنەکە وەردەگیرێن، بڕە پارەیەکیان پێدەدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕەکەی دیاری نەکردووە". 
 
بوونە کارمەندی سەر سندووقەکانی دەنگدان سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت (جگە لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکان) دەگرێتەوە، بە مەرجێک لانیکەم بڕوانامەی ئامادەییان هەبێت.
 
 مەرجەکانی دیکە:
 
- هەبوونی کارتی دەنگدانی درێژمەودا.
 
- پێشکێشکار دانیشتووی هەمان ئەو پارێزگایە بێت کە داواکاری تێدا پێشکێش دەکات و پێشکێشکردنەکە لەسەر بنەمای دابەشبوونی جوگرافی دەبێت.
 
- نابێت لە رابردوودا لەلایەن کۆمیسیۆنەوە هیچ سزایەک درابێت.
 
- نابێت خزمی نزیکی هیچ کام لە بەربژێرانی هەمان پارێزگا بێت.
 
- پێویستە بەڵێننامەیەکی دەستنووس پڕبکاتەوە کە تێیدا دووپاتی دەکاتەوە رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری نایگرێتەوە، تاوانبار نەکراوە، ئەندامی هێزە ئەمنییەکان نییە، سەربەخۆیە و پابەندی بنەما ئەخلاقییەکان دەبێت.
 
سەبارەت بە بەڵگەنامەکان بۆ پێشکێشکردنی داواکاری بۆ فەرمانبەران، جومانە غەلای گوتی، ناسنامەی فەرمانگەکە یان پشتگیریی فەرمانبەرێتی، کارتی نیشتمانی، یان ناسنامەی باری شارستانی، کارتی دەنگدان، بەڵگەنامەی خوێندن، یان پشتگیری خوێندن بەشێوەی رەنگاوڕەنگ.
 
لەبارەی خوێندکار و دەرچووانەوە، جومانە غەلای گوتی، ناسنامەی خوێندکار یان پشتگیری کە خوێندکارە، کارتی نیشتمانی، ناسنامەی باری شارستانی، کارتی دەنگدان و بەڵگەنامەی بڕوانامەی خوێندنەکەی بەشێوەی رەنگاوڕەنگ.
  
سەبارەت بە ژمارەی کارمەندانی پێویست، جومانە غەلای رایگەیاند، کۆمیسیۆن ئێستا تەنیا داواکارییەکان وەردەگرێت و دوای تەواوبوونی پرۆسەی تۆمار و نوێکردنەوەی لیستی دەنگدەران، شیکردنەوەی داتاکان، پەسندکردنی تۆماری کۆتایی دەنگدەران لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، دابەشکردنی ناوەند و وێستگەکانی دەنگدان، ئیدی دەزانرێت کە پێویستیان بە چەند کارمەندە بۆ هەر ناوەند و وێستگەیەکی دەنگدان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە