ئەم ساڵ سێ فڕۆکەخانە لە عێراق دەکرێنەوە

03-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، ئەم ساڵ سێ فڕۆکەخانە لە عێراق دەکرێنەوە، یەکێکیان فڕۆکەخانەی موسڵە. 
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی تەممووزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم ساڵ سێ فڕۆکەخانەی لە عێراق دەکرێنەوە، بەم نزیکانە فڕۆکەخانەی موسڵ، دواتر کەربەلا و ناسرییە. 
 
لە عێراق و هەرێمی کوردستان شەش فڕۆکەخانە هەن، ئەوانیش فڕۆکەخانەکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، بەغدا، بەسرە و نەجەف.
 
بڕیاربوو رۆژی سێشەممە، 10ـى حوزەیرانى 2025، فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵ بە گەشتێکى فڕۆکەوانیى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران بۆ فڕۆکەخانەکە بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی کارەکان، کردنەوە فڕۆکەخانەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا. 
 
رۆژی 10ـى ئابى 2022، مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى ئەوکاتى عێراق بەردى بناخەى نۆژەن و ئامادەکردنەوەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵى دانا، کە لە پڕۆژەیاسای بودجەى 2021 بڕیارى نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنى درا و لەلایەن دوو کۆمپانیاى فەرەنسی و سعودیەوە جێبەجێ دەکرێت.
 
بودجەى ئەو پڕۆژەیە 200 ملیار دینارە و نیوەى لە پارەى بلۆککراوى پێشووى پارێزگاى نەینەوایە لە سەردەمى شەڕى داعش و نیوەکەى دیکەى لە بودجەى یاسای پاڵپشتیى خێراى ئاسایشى خۆراک و پەرەپێدان دابین دەکرێت.
 
سەبارەت بە فڕۆکەخانەی ناسریە-ی ناوەندی پارێزگای زیقار، ئەحمەد ئیبراهیمی، ئەندام و گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار، رۆژی 30ـی حوزەیرانی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند بوو "بەگوێرەی گرێبەستی دروستکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ناسرییە، دەبووایە مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ تەواو بێت، بەڵام بۆ ئەوەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارنەهێنرێت، کردنەوەکەی دواخراوە بۆ دوای هەڵبژاردنى پەرلەمان یان سەرەتای ساڵی 2026."
 
ساڵی 2021 بەگوێرەی گرێبەستێک کە حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی واژۆی کرد، دەست بە دروستکردنی فڕۆکەخانەکە کرا، کە رووبەرەکەی 16 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و تێچووەکەشی زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلارە.
 
فڕۆکەخانەی کەربەلاش لە سەرەتای 2017 بەردی بناخەکەی دانراوە، ئەوکات بڕیاربوو لە ماوەی 18 مانگدا تەواوبێت، دیزاینەکەی کۆمپانیایەکی فەرەنسی و دروستکردنەکەشی لەلایەن کۆمپانیایەکی بەریتانییەوە دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە