سەرۆکی نوێی دادگەی فیدراڵی سوێندی دەستووری خوارد

03-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادوەر مونزر ئیبراهیم حوسێن، وەک سەرۆکی نوێی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، لە بەردەم د. لەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی بەغدا سوێندی دەستووری خوارد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆمار، "سەرۆککۆمار پیرۆزبایی لە دادوەر حوسێن کردووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە لە ئەرکە نوێیەکەیدا."
 
سەرۆکایەتیی کۆمار دەڵێت، لەتیف رەشید جەختی لە پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ سەرکەوتنی دادگای باڵای فیدراڵی لە "ئەرکە دەستوورییەکان" دا کردەوە و ئاماژەی بە "رۆڵی سەرەکیی دادگەکە کرد لە پاراستنی رێڕەوی دیموکراسی، مسۆگەرکردنی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری".
 
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی پابەندبوونی خۆی بە بڕگەکانی دەستوور و یاساوە دووپاتکردەوە و سووڕبوونی لەسەر پاراستنی سەربەخۆیی دادگەکە و بەدوورگرتنی لە هەر دەستوەردانێک راگەیاند، "سەرچاوەکەی هەرچییەک بێت." هەروەها سوپاسی سەرۆککۆماری کرد بۆ جەختکردنەوەی لەسەر سەربەخۆیی دادگا، بەو پێیەی کە "پارێزەری دەستوورە."
 
رۆژی دووشەممەی رابردوو، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، مەرسوومێکی کۆماریی بۆ دەستنیشانکردنی دادوەر مونزر ئیبراهیم حوسێن، وەک سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی دەرکردبوو. ئەمەش دوای ئەوەی جاسم عمێری، سەرۆکی پێشووی دادگەکە خانەنشین کرا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە