عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 11ـەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان. وێنە: نووسینگەی سوودانی
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 11ـەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکانی شنگال، یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسانی هەموو ساڵێکی کردە پشووی فەرمیی بۆ ئێزدییەکان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و چەندین بەرپرسی دیکەی عێراق بەشدارییان لە یازدەیەمین ساڵیادی جینۆسایسی ئێزدییەکانی شنگال کرد.
سوودانی بڕیاریدا یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسانی هەموو ساڵێک، بکرێتە پشووی فەرمیی ئێزدییەکان.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، "دەبێت رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت."
لە 3ـی ئابی 2014 رێکخراوى داعش هێرشی کردە سەر قەزاى شنگال و بەهۆیەوە 48 هەزار خێزانى کوردى ئێزدى لەو قەزایە ئاوارە بوون؛ زۆرینەیان پەنایان بردە بەر شارەکانی هەرێمى کوردستان. رێکخراوی داعش کۆمەڵکوژییەکی گەورەی لە شنگال کرد و هەزاران کوردی ئێزدیشی رفاند.
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوان، بەهۆی هێرشی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.
لە هێرشەکەدا نزیکەی پێنج هەزار کەس کوژراون و دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون. هەروەها 6 هەزار و 417 ئێزدی رفێندران، لە ژمارەیە سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ بوون و دوو هەزار و 869 کەسیش لە رەگەزی نێربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ