رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق داواى لە لایەنە سیاسییەکانى کەرکووک کرد پابەندبن بە پاراستنى ئاشتیی کۆمەڵایەتییەوە، گوتیشی نابێت دوودڵى هەبێت لە سزادانى هەموو ئەوانەى بەشدار بوون لە کوشتن و بریندارکردنی خەڵک لە کەرکووک.
3ـی ئەیلوولی 2023، نووسینگەى رۆژنامەڤانیی محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆ یەکشەممەى ئەنجوومەنى وەزیراندا، جەختیکردووەتەوە لەوەی پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانى کەرکووک پابەندبن بە پاراستنى ئاشتیی کۆمەڵایەتى و خۆیان لە ئاشووب لابدەن.
محەممەد شیاع سوودانى ئاماژەى بەوەداوە، "نابێت پەنا بۆ تووندوتیژى و پێکدادان ببرێت، کە کاریگەرى نەرێنى لەسەر دۆخى گشتیی عێراق دەبێت".
بەهۆى دروستبوونى شەڕ و ئاڵۆزى لە کەرکووک دژى داخستنى رێگەى هەولێر - کەرکووک، 2ـی ئەیلوولی 2023 چوار هاونیشتمانی کورد لە کەرکووک بە گوللـەی هێزە عێراقییەکان گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش برینداربوون.
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاندووە "نابێت دوودڵى هەبێت لە سزادانى هەموو ئەوانەى بەشداربوون لە کوژران و بریندارکردنی خەڵک لە دواى کۆتاییهاتنى لێکۆڵینەوەکان و ئاشکراکردنى وردەکارى رووداوەکان."
هەر ئەمڕۆ، محەممەد شیاع سوودانی بڕیارى پێکهێنانى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى لەسەر رووداوەکانى کەرکووک دا.
لە 27ـی ئابی 2023ـوە بەشێک لە عەرەبی کەرکووک رێگەی سەرەکی شارەکەیان لەگەڵ هەولێر داخست. ئەوان دژى رادەستکردنەوەى بارەگاى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستانن لەو شارە، کە ئێستا بارەگاى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووکە.
ئەوە لەکاتێکدایە 3ـی ئەیلوولى 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بەشێوەیەکى کاتى ئەو فەرمانەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رابگرێت کە بۆ رادەستکردنەوەى ئەو بارەگایەى پارتى دەریکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ