هەرێمی کوردستان کارەبای لە عێراق کەمکردووەتەوە و تورکیاش بڕیویەتی

03-09-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەرێمی کوردستان نزیکەی 700 مێگاوات کارەبای لە حکومەتی عێراق کەمکردووەتەوە و تورکیاش بە تەواوی کارەباکەی لە عێراق بڕی، لەبەر ئەوە کارەبا لە عێراق کەمیکردووە.
 
ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشتر نزیکەی 1800 مێگاوات کارەبامان لە هەرێمی کوردستانەوە پێدەگەیشت، بەڵام بەمدواییانە و لەگەڵ فراوانبوونی پرۆژەی رووناکی (کارەبای 24 کاژێری)، بڕەکە بۆ نزیکەی 1100 مێگاوات کەمکرایەوە،" ئەمەش واتای کەمبوونەوەی نزیکەی 700 مێگاوات کارەبایە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە.
 
ئەحمەد عەبادی ئاماژەی بەوەش کرد، بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق بەگشتی کەمیکردووە و گوتی، "پێشتر گەیشتە نزیکەی 28 هەزار مێگاوات، بەڵام ئێستا بۆ 24 هەزار و 500 بۆ 25 هەزار مێگاوات کەمبووەتەوە." لە کاتێکدا بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، عێراق پێویستی بە نزیکەی 54 هەزار مێگاوات کارەبایە.
 
سەبارەت بە هۆکارەکان، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا روونیکردەوە، "تورکیا نزیکەی 600 مێگاوات کارەبای دەدایە عێراق، بەڵام بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانییەوە، زیاتر لە هەفتەیەکە ئەو بڕە کارەبایەی بڕیوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، باسی کاریگەریی کەمبوونەوەی گازی ئێرانی کرد و گوتی، "پێدانی گازی ئێران لە نزیکەی 42 ملیۆن مەتر سێجای رۆژانەوە بۆ 20 ملیۆن مەتر سێجا کەمبووەتەوە، بەهۆیەوە بەرهەمهێنان زیاتر لە 2000 مێگاوات کەمیکردووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە