کۆمیسیۆن ناوى 10بەربژێر دەسڕێتەوە و 50 بەربژێریش دووردەخاتەوە

03-09-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ناوی 10 بەربژێر بۆ هەڵبژاردنەکان دەسڕێتەوە و 50 بەربژێری دیکەش بەهۆی پێشبینیی بەعسیبوون و تاوانەوە دووردەخاتەوە، بە گوتەى بەرپرسێکى کۆمیسیۆن کۆتایی دەوامى 4ى ئەیلول دوا وادەى گۆڕینى بەربژێرە دوورخراوەکانە.
 
ئەو رێکارانە بەگوێرەی چەند بڕیارێکە کە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە رۆژانی 1 و 2ی ئەیلوول دەریکردوون.
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە 2ی ئەیلوول بڕیاری دوورخستنەوەی عیماد رەشید حوسێن، بەربژێری ژمارە 36ی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای نەینەوا داوە.
 
بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەو دوورخستنەوەیە بڕیاری کۆتاییە لەبەر بنەمای مەرجە یاساییەکانی مادەی 11ی رێکاری تۆماری بەربژێران و پەسندکردنیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
 
ئەو مادەیە تایبەتە بە رێکارەکانی دوورخستنەوەی بەربژێرێک بە هۆکاری نەبوونی مەرجی بەربژێربوون و ئەگەر لە ماوەیەکی دیاریکراودا لیستەکەی جێگرەوەی بۆ دیارینەکرا، ناوەکەی دەسڕدرێتەوە.
 
10 بەربژێری دیکە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە لە لیستەکانیان سڕدراونەتەوە و ئەو رێکارە بەگوێرەی رێنماییەکانی تۆماری بەربژێران و پەسەندکردنیانە.
 
بیلال ئەکرەم، سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هۆکاری دوورخستنەوەی ئەو بەربژێرانە ئەوە بووە کە پێویستییەکانی بەربژێربوونیان تەواو نەکردووە."
 
34 بەربژێری دیکە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دوورخراونەتەوە بەهۆی ئەوەی کۆتوبەندی یاسایی و تاوانیان لەسەر بووە.
 
یەکێک لە بڕیارەکانی دیکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران گەڕاندنەوەی 8 بەربژێرە لەدوای دوورخستنەوەیان بە پاساوی ئەوەی پێشینەی بەعسیبوونیان هەبووە، 16 بەربژێری دیکەش بە هەمان پاساو دوورخراونەتەوە.
 
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ناوی 72 بەربژێری دیکەی بڵاوکردووەتەوە و داوایان لێکراوە بەڵگەنامەی پێویست پێشکەش بکەن کە بیسەلمێنێت ئەو دۆسیانەی لەسەریانە لە دادگا یەکلا بووەتەوە.
 
نزیکەی 8000 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەربژێرکردبوو، بەڵام زیاتر لە 600 بەربژێریان گۆڕدراون یان بە هۆکاری جیاجیا دوورخراونەتەوە.
 
موهەنەد سەڕاج، ئەندامی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: کۆتایی دەوامى رۆژى 4ى ئەیلوول دوا وادەیە بۆ ئەوەى لیستەکان ئەو بەربژێرانەیان بگۆڕن کە لەبەر هەر هۆکارێک بێت دوورخراونەتەوە".
 
هەڵبژاردنەکە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت؛ هەر پارێزگایەکی عێراق و هەرێمی کوردستان بازنەیەکی هەڵبژاردنە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە