رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى گواستنەوەى عێراق لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەبارەى ئاهەنگى کۆمپانیایەکى سەر بە وەزارەتەکە پێکدەهێنێت کە تێیدا چەند کارمەندێک بە گۆرانییەک، کە ستایشی سەدام حوسێن دەکات، هەڵدەپەڕن.
گرتەیەکى ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى عێراق بڵاوکرایەوە کە کارمەندانى کۆمپانیاى گشتیى خزمەتگوزارى گەشتى ئاسمانیى عێراق لە فڕۆکەخانەى بەغدا بە ئاوازى گۆڕانییەک هەڵدەپەڕن، کە ستایشى سەدام حوسێن، سەرۆکى پێشووى دەسەڵاتى حیزبى بەعس دەکات.
ئەو دیمەنانە ناڕەزایی لێکەوتەوە و بەهۆیەوە لیژنەى لێکۆڵینەوە لەسەری پێکهێندرا.
رۆژی 2ـی تشرینى دووەمى 2023، رەزاق سەعداوى، وەزیرى گواستنەوەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، لیژنەى لێکۆڵینەوە لەبارەى ئەو دیمەنانە پێکهێندراوە و بەم نزیکانە ئەنجامى راپۆرتى لیژنەکە بەزردەکرێتەوە و ئەو کارمەندانەى بەشداربوون، دەدرێنە دادگە تایبەتەکان بۆ ئەوەى بەگوێرەى یاسا سزا بدرێن.
ئاهەنگەکە لە یەکى تشرینى یەکەم کراوە، بەبۆنەى رۆژى جیهانیی چاودێریی ئاسمانى بووە، کە لەلایەن کۆمپانیاى گشتیى خزمەتگوزاریی گەشتى ئاسمانیى عێراق رێکخرابوو.
وەزیرى گواستنەوەى عێراق ئاماژەى بەوەداوە، نەرمى بەرامبەر هیچ فەرمانبەرێکى ئەو وەزارەتە نانوێنن کە بانگەشە بۆ رژێمى پێشووى بەعس یان ستایشی سەدام حوسێن بکات.
ئەو کەسانەى لە عێراق بانگەشە بۆ حیزبى بەعس و سەرکردەکانى دەکەن بەگوێرەى یاسای قەدەخەکردنى حیزبى بەعس و قەوارە و حیزب و چالاکییە رەگەزپەرستى و تیرۆریستى و تەکفیریەکانى ساڵى 2016 مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، کە سزاکەى دەگاتە 10 ساڵ بەندکردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ