رووداو دیجیتاڵ
عیزەت شابەندەر، سیاسەتڤانی ناسراوی عێراق و کەسایەتیی نزیک لە سوودانی دەڵێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاوی لە رۆڵێکی گەورەترە لەوەی ئێستای. ئاماژە بەوەش دەکات، بەپێی بنەمای لۆژیکی و سیستمی سیاسیی دیموکراسی لە عێراق، مافی گەورەترین فراکسیۆنی باشووری کوردستانە کە پۆستی سەرۆککۆمار وەربگرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2025 عیزەت شابەندەر، سیاسەتڤانی ناسراوی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هیواخوازن سەرۆکوەزیرانی داهاتوو "خاوەنی تایبەتمەندیی سەرکردە بێت، کە لەم دۆخە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەی ئێستا بتوانێت عێراق بەرەو باشتر ببات؛ هەروەها وڵات لەو لێکەوتە مەترسیدارانە بپارێزێ کە رەنگە دۆخی نێودەوڵەتی و هەرێمیی ئێستا بەدوای خۆیدا بهێنێت."
لەبارەی دەستوەردانی دەرەکی لە حکومەتی نوێ، عیزەت شابەندەر گوتی، "هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ دەستوەرنەدانی ئەمریکا یان ئێران لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا." هەروەها گوتی، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی چاوی لە رۆڵێکی گەورەترە لەوەی ئێستای، ئەمەش لە رێگەی سەپاندنی چەند مەرجێک کە دەیانەوێ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو پابەندیان بێت."
بە گوتەی ئەو سیاسەتڤانە، "پێویستە حکومەت و هێزە سیاسییەکان جیاکارییەکی روون بکەن لەنێوان ئەوەی پێیان دەگوترێ (گرووپە چەکدارەکان) و حەشدی شەعبی، چونکە هەر یەکێکیان هۆکاری دامەزراندن و هۆکاری مانەوە یان هەڵوەشاندنەوە یان گۆڕینی سیفەت و ئامانجەکانیان جیاوازە. لە هەموو بارێکیشدا، بابەتی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بابەتێکی نیشتمانییە و رەوا نییە هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتی یان هەرێمی ئەم بابەتە وەک مەرج بەسەر عێراقدا بسەپێنێت."
رۆژی 24-11-2025 لە پیرمام سەرۆک بارزانی پێشوازی لە عیزەت شابەندەر کرد و بەگوێرەی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا تیشک خراوەتەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و قۆناخی دوای هەڵبژاردن.
شابەندەر لەوبارەیەوە گوتی، "دیدار لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی، پێویستییەکی نیشتمانی و مێژووییە بۆ گفتوگۆ و تاوتوێکردنی دۆخی عێراق، بەتایبەتی پێش هەڵبژاردنەکان و دوای هەڵبژاردنەکان. سەرۆک هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار دووپاتکردەوە و پشتیوانیی تەواوەتی خۆی بۆ رێککەوتنی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی هەر پێکهاتەیەک دەربڕی سەبارەت بە پۆستی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان."
لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار، عیزەت شابەندەر گوتی، "بەپێی بنەمای لۆژیکی و سیستمی سیاسیی دیموکراسی لە عێراق، مافی گەورەترین فراکسیۆنی هەرێمی کوردستانە کە پۆستی سەرۆککۆمار وەربگرێت."
باسی لەوەش کرد، "سەرۆک بارزانی هیچ گرنگییەکی بەو دەنگۆیانە نەداوە کە بەم دواییانە وەک خەیاڵێکی پڵاو باس دەکرێن سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار و ئاڵوگۆڕکردنی بە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان."
رۆژی 11-11-2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو و رۆژی 17-11-2025 ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە راگەیێندرا.
لیستە شیعەکان لە هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی پەرلەمانی عێراق 179 کورسییان بەدەستهێنا و گەورەترین فراکسیۆنیان بۆ پێکهێنانی حکومەت پێکهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ