رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی پسووڵەی ئەلیکترۆنیی خۆراک لە چوار پارێزگا رادەگەیێنێت و دەڵێت، بەم نزیکانە لە هەرێمی کوردستان و سەرجەم پارێزگاکانی دیکەش دەستپێدەکات.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "قۆناخی دووەم لە پارێزگای واستـەوە دەستیپێکردووە و ئێستا ئەپلیکەیشنەکە لە پارێزگاکانی کەربەلا، نەجەف و دیوانیەش کارا کراوە."
محەممەد حەنوون دەڵێت: "لەمەودوا هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە مامەڵەی گواستنەوەی بەشەخۆراک، زیادکردنی ئەندامانی خێزان و منداڵی نوێ، جیاکردنەوەی خێزان و راگرتنی بەشەخۆراک و هەڵگرتنی راگرتنەکان بکەن."
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی ئاماژەی بەوە کرد: "دوای کاراکردنەوەی ئەپلیکەیشنەکە لەو چوار پارێزگایە، تاوەکو ئێستا 528 هەزار کەس داتایان نوێ کردووەتەوە."
سەبارەت بە وادەی کاراکردنەوەی ئەپلیکەیشنەکە لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق، حەنوون گوتی: "بەهۆی چەند کێشەیەکی تەکنیکی و رێکارەکانی رێککەوتن لەگەڵ ئەو کۆمپانیای کاری پارەدارکردنی ئەپلیکەیشنەکەیە، دەستپێکردنی قۆناخی دووەم دواکەوتووە، بەڵام لە رۆژانی داهاتوودا چارەسەر دەکرێ و خزمەتگوزارییەکان بۆ هەرێمی کوردستان و تەواوی پارێزگاکانی عێراق بەردەست دەبن."
پسووڵەی ئێستای خۆراک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1996، بۆیە حکومەتی عێراق بڕیاری داوە گۆڕانکاری تێدا بکات. گۆڕانکارییەکە لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکەوەیە کە بۆ 41 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی تۆمارکراو دانراوە.
قۆناخی یەکەم، کە پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراک بوو، رۆژی 2ـی حوزەیرانی 2025 دەستی پێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ