رووداو دیجیتاڵ
ئەمیندارى گشتیى عەسائیبی ئەهلى حەق، سوپاى ئەمریکاى تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانى هێرشەکەى سەر بارەگاى حەشدی شەعبی لە بەغدا و ئاماژە بەوە دەکات، "راگەیێندراو و سەرکۆنەکردن چیدی سوودیان نەماوە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، قەیس خەزعەلی، ئەمیندارى گشتیى عەسائیبی ئەهلى حەق لە راگەیێندراوێکدا سوپاى ئەمریکاى تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانى هێرشەکەى بەغداى پایتەخت و رایگەیاند، "ئەو هێرشە پێشێلکاریى و سنووربەزاندنە لە دژى ئاسایش و سەروەریى عێراق".
قەیس خەزعەلی ئاماژەى بەوەشداوە کە "هێزەکانى ئەمریکا بەرپرسیارێتى ئەو هێرشە و پێشێلکردنى سەروەریى عێراق و ھێرشکردنە سەر حەشدی شەعبی هەڵدەگرێت".
ئەمیندارى گشتیی عەسائیبی ئەهلى حەق دەڵێت، "لەبەر دووبارەبوونەوەى تاوان و دەستدرێژییەکان، چیدی راگەیێندراو و سەرکۆنەکردنەکان سوودیان نییە و داوا لە حکومەتى عێراقى دەکەین رێوشوێنى یەکلاکەرەوە بگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەوەى بە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى لە عێراق ناودەبرێت و دەرکردنی سەرجەم هێزە بیانییە داگیرکارەکان بە زووترین کات".
ئەمڕۆ پێنجشەممە بارەگایەکى حەشدى شەعبی لە بەغدا بۆردوومان کرا، بەهۆیەوە ئەبوو تەقوا، یاریدەدەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پشتێنەی بەغداى حەشدی شەعبى و یاریدەدەرەکەی بەناوی ئەبوو ئیمتیحان کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ