رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری قەزای حەزەر لە پارێزگای نەینەوا، بۆمبێکی پاشماوەی داعش بە دوو شواندا تەقییەوە و هەردووکیان گیانیان لەدەستدا.
محەممەد جاسم، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ لە ناوچەی جەزیرەی سەر بە ناحیەی تەل عەبتە لە سنووری قەزای حەزەر، بۆمبێکی پاشماوەی داعش تەقییەوە و بەهۆیەوە دوو شوان گیانیان لەدەستدا.
ناحیەی تەل عەبتە لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای حەزەرە و نزیکەی 73 کیلۆمەتر لە شاری موسڵ، ناوەندی پارێزگای نەینەواوە دوورە. ناحیەکە هەڵکەوتەیەکی ستراتیژیی هەیە و دەکەوێتە نێوان تەلەعفەر، حەزەر و بەعاج.
ئەو ناوچەیە دوای کەوتنی موسڵ لە حوزەیرانی 2014، کەوتە ژێر دەستی داعش و تاوەکو کانوونی یەکەمی 2016 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە کۆنترۆڵکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ