رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین یەکەم کۆبوونەوەی دەکات و ئەحمەد جبووری ناسراو بە ئەبومازن یەکێک لە بەهێزترین بەربژێرەکانە بۆ بوونە پارێزگار.
یاسین محەممەد عەلی، تاکە نوێنەری کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە باڵەخانەی ئەنجوومەنەکە دەکات.
یاسین محەممەد عەلی گوتی، گفتوگۆ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە هەیە، ئەگەر گەیشتنە رێککەوتن، ئەوا لە دانیشتنی ئەمڕۆدا سەرۆکی ئەنجوومەنەکە هەڵدەبژێردرێت و ئەگەر رێککەوتنیش نەکرا، دانیشتنەکە بە کراوەیی هەڵدەگیرێت.
لەبارەی پۆستی پارێزگارەوە، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە بەهێزترین بەربژێرەکان ئەحمەد جبووری ناسراو بە ئەبو مازن، ئەندامی پەرلەمانی عێراقە؛ هەروەها ئیسماعیل خزەیر هەلوب، پارێزگاری ئێستای سەلاحەدین بەربژێرێکی بەهێزە.
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە 15 ئەندام پێکهاتووە و تەنیا یەک ئەندامی کوردە، ئەویش یاسین محەممەد عەلی جومعەیە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
بەگوێرەى یاسای پارێزگا نارێکخراوەکان، لە چوارچێوەى هەرێمدا کە تایبەتە بە کارى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق و لە ساڵى 2008 پەسندکراوە، پێویستە لەدواى 15 رۆژ لە پەسندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، پارێزگارەکان داواى یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاکانیان بکەن.
رۆژی 21-01-2024 کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى پەسندکرد، بەو پێیە دەبێت تاوەکو 4ـی شوبات پارێزگارەکان داواى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى نوێى پارێزگار بکەن.
ئەگەر لەو ماوەیەی دیاریکراوە پارێزگارەکان داواى کۆبوونەوەیان نەکرد، ئەنجوومەنى نوێى پارێزگار دەتوانێت لە 16یەمین رۆژدا خۆى یەکەم کۆبوونەوە بکات بە سەرۆکایەتیى بەتەمەنترین ئەندامى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەن و دواتریش پارێزگار هەڵدەبژێردرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ