لە دەروازەیەکى عێراق دەست بەسەر دوو کیلۆ تریاک لەنێو ئامێرێکى DJ دەگیرێت

04-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە دەروازەى سنووریى شەلامچە لە عێراق گەشتیارێک دەستگیر دەکرێت کە دوو کیلۆ ماددەى هۆشبەرى لەنێو ئامێرێکى DJ شاردبووەوە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق، ئەو گەشتیارە بە شێوەیەکى لێزانانە دوو کیلۆ مادەى هۆشبەرى لە جۆری تریاک لە ئامێرێکى DJ شاردبووەوە، تاوەکو بە قاچاخ بیباتە سنوورى عێراقەوە.
 
عەلائەدین قەیسی، گوتەبێژى فەرمیى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، مادە هۆشبەرەکە لەلایەن کارمەندانى دەستەکە و هۆبەى بنەبڕکردنى مادە هۆشبەرەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
 
دەروازەى شەلامچە دەکەوێتە نێوان پارێزگای بەسرە و پارێزگای خوزستانی ئێران.
 
دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق ئاماژەى بەوە داوە، تۆمەتبارەکە هاووڵاتییەکی عێراقییە، رێوشوێنى یاسایی لە دژى ئەو کەسە گیراوەتەبەر و رادەستى بنکەى پۆلیسی گومرگى شەلامچە کراوە.
 
بەگوێرەى ئامارى فەرمیى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، ساڵى پار دەست بەسەر زیاتر لە 6 تۆن مادەى هۆشبەرى جۆراوجۆردا گیراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە