رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای بەسرە، هێزە ئەمنییەکان سێ ژنی ئێرانییان بە نیو کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆری کریستاڵەوە دەستگیرکرد.
عەقیل فرێجی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە، رۆژی چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێزە ئەمنییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە هۆشیەکان، لە شەقامی بەغدای نێوەڕاستی شارەکە، توانییان سێ ژن دەستگیربکەن هەڵگری وڵاتینامەی ئێران بوون."
بە گوتەی عەقیل فرێجی، ئەو سێ ژنە لە پارێزگای واسیتەوە بەرەو بەسرە چوون و "هەرکە چوونە نێو پارێزگاکە، لەسەر بنچینەی زانیاریی هەواڵگری دەستگیرکران."
سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتی دەستگیرکردنیاندا دەستبەسەر زیاتر لە نیو کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆری کریستاڵدا گیراوە و "رێکاری یاسایی پێویستیان بەرامبەر گیراوەتەبەر و رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان."
بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە سێ ساڵی رابردوودا 1200 تۆڕی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەریان هەڵوەشاندوونەتەوە و دەستیان بەسەر زیاتر لە 14 تۆن مادەی هۆشبەردا گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ