رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا مووچەی کەسوکاری پلە یەک و دووی شەهیدان بەردەوام بێت، کە 420 هەزار کەس دەگرێتەوە، تاوەکو یاساکە هەموار دەکرێتەوە.
بڕیارەکەی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە 28ـی کانوونی دووەمی 2026 ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ خەرجکردنی ئەو مووچانە.
بەگوێرەی یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و هەڵەی سەربازی و کردەوە تیرۆریستییەکان، لە ساڵی 2014ـەوە و بۆ ماوەی 10 ساڵ، مووچەی وارسی شەهیدان بەسەر کەسوکاری پلە یەک و دووی شەهیدەکەدا دابەش دەکرێت، ئەگەر بەر لە گیانلەدەستدانی خانەنشین کرابێت.
رۆژی چوارشەممە، 4-2-2026، تاریق مەندەلاوی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی لە دامەزراوەی شەهیدانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو ماوەی 10 ساڵە لە 26ی کانوونی یەکەم کۆتایی هات؛ ئەو مووچەیەی کە وارسی شەهید وەریدەگرت، دابەش دەکرا بەسەر کەسوکاری پلە یەکی دا و ئەگەر هاوسەرگیریی نەکردبێت، بەسەر دایک و باوک یان برا و خوشکیدا دابەش دەکرێت.
بەگوێرەی ئەو بڕیارە، ئەگەر کەسێک بەهۆی هەر رووداوێکی ئەمنی و سەربازیی تایبەت بە تیرۆر و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بریندار بووبێت، خانەنشین کراوە و ئەگەر دوای خانەنشینبوونی گیانی لەدەستدابێت، مووچەکەی دەمایەوە و بە شێوەیەکی یەکسان دابەش دەکرا بەسەر کەسوکاریدا.
تاریق مەندەلاوی رایگەیاند، 420 هەزار کەس ئەو جۆرە مووچەیە وەردەگرن، دامەزراوەی شەهیدان داوای کردووە هەمواری یاساکە بە جۆرێک بێت، دابەشکردنی مووچەکە بۆ ماوەی 25 ساڵ درێژ بکرێتەوە.
پێشتر لە 1ی شوباتی 2026، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی دەزگای شەهیدانی رەتکردەوە، بۆ رێگری لەوەی مووچەی ئەو کەسانە لە دوای 10 ساڵەکە ببڕدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ